به‌رگریی شارستانیی هه‌ولێر هۆشداری ده‌داته‌ هاووڵاتییان

به‌رگریی شارستانیی هه‌ولێر هۆشداری ده‌داته‌ هاووڵاتییان
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رگریی شارستانیی پارێزگاى هه‌ولێر، هۆشدارییه‌كى له‌باره‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما بڵاو كرده‌وه‌.

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23/7/2020، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رگریی شارستانیی پارێزگاى هه‌ولێر، هۆشدارییه‌كى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، بەپێی پێشبینیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی کەشناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانیی هەرێمى كوردستان، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووه‌وه‌ پلەی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، بۆیە دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت بۆئەوەی هەموو لایەک سەلامەت و تەندروست باش بن:

1/ تا دەکرێت لە کاتژمێر 11ی بەیانی تاوه‌كوو دوای کاتژمێر 5ی ئێوارە لە ماڵەکانتان بمێننەوە ئەگەر كارى گرنگتان نەبوو، مەیەنە دەرەوە.

2/ ئاو و شلەمەنییەکان زۆر بخۆنه‌وه‌، چونکە لەش بەهۆی ئارەقکردن شلەی لەشی لەدەست دەدات.

3/ کەسانی بەتەمەن و منداڵان لە کاتە گەرمەکان نابێت بێنە دەرەوە، بۆ ئەوەی تەندروستییان تێک نەچێت.

4/ ئەوانەی لە دەرەوە و له‌پێش تیشکی خۆر کار دەکەن، هەوڵ بدەن کڵاوێک، یان هەر شتێک بێت لەسەر سەریان دابنێن، با ڕاستەوخۆ تیشکی خۆر بەریان نەکەوێت.

5/ زۆر گرنگە لەکاتی نیوەڕۆ ئۆتۆمبێل لێنەخوڕیت.

6/ پاڵەپەستۆ مەخەرە سەر ئامێرە کارەباییەکان و ئاگاداری شۆرتی کارەبا بن.

7/ هیچ کەلوپەلێک لەناو ئۆتۆمبێل جێمەهێلە وەک: بۆن، سپرا، پاتریی مۆبایل، پاوەربانک و دەبەی ئاو و چەرخ.

8/ هەوڵ بدە لە ڕۆژێک دوو جار خۆت بە ئاوی فێنک بشۆیت ئەگەر دەرفەتت هەبوو.











باسنيوز




Top