وەزیری پەروەردە: بەدواداچوون بۆ کێشەی دامەزراندنی دوو مامۆستا گرێبەستەکەی سێمێل دەکەين

وەزیری پەروەردە: بەدواداچوون بۆ کێشەی دامەزراندنی دوو مامۆستا گرێبەستەکەی سێمێل دەکەين
سەبارەت بە دەرهێنانی ناوی دوو مامۆستای گرێبەست و دامەزراندنی کەسانی دیکە لە شوێنیان، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کورستان رایگەیاند؛ بەدواداچوون بۆ کێشەی دوو مامۆستا گرێبەستەکە دەکات.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کورستان رایگەیاند "ئەو دوو مامۆستا گرێبەستەی دەڵێن کەسانی دیکە بۆ دامەزراندن خراونەتە شوێنیان، ئەگەر رێگەیان دوورە و بەهۆی رێوشوێنەکانی کۆرۆناوە ناتوانن بێنە وەزارەت، دەتوانن راستەوخۆ بۆ ژمارە واتسئاپ یان ڤایبەری 07505103232 داواکاریی خۆیان بنێرن، من راستەوخۆ دەیبینم و لەڕووی ئیدارییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەم".

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کورستان ئاماژەی بەوەش کرد "کێشەکەی ئەوان کەیسێکی ئیدارییە و دەکرێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت، ئەگەر حەقیان لەلامان بێت وەکو وەزارەتی پەروەردە هەموو رێکارێکی یاسایی دەگیرێتەبەر، بەڵام ئەوە دەبێت پاش بەدواداچوون و سەیرکردنی هەموو بەراییەکانی بابەتەکە بێت. بابەتەکە لە بەرنامەیەکدا بڕیاری لەسەر نادرێت".

ئالان حەمەسەعید داوای لەو دوو کەسە کردووە کە داواکارییەکی فەرمی بنووسن بۆئەوەی بەدواداچوونێک بۆ دۆسیەکەیان بکەن، دەشڵێت "هەر کەسێک فەرمانی دامەزراندنی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرچووبێت و پاشان گەڕابێتەوە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەکەی و پەروەردەی قەزاکەی، ئەگەر بێتو دەستبەکاربووبێت و پاشتر ناوەکەی گۆڕابێت، ئەمە بابەتێکە تەواو یاساییە و بەسەر وەزارەتی پەروەردە تێپەڕنابێت، بەڵام ئەم دۆسیەیە بابەتێکی جیاوازە و پێدەچێت ئەو دوو بەڕێزە گلەییان هەبێت کە لەکاتی خۆیدا لە ریزبەندییەکە ناوی ئەمان بەرزنەکرابێتەوە".

وەزیری پەروەردە ئەوەشی بەبیرهێنایەوە، کاتێک بڕیاری بەهەمیشەیی بوونی مامۆستایانی گرێبەست دراوە، شەش مانگ ئەو لیستانە لە پەروەردەی قەزا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە بەدواداچوونی بۆ کراوە؛ تیمێکی 11 کەسی لەناو وەزارەتی پەروەردە و تیمێک لەناو وەزارەتی دارایی بەدواداچوونیان کردووە.

لە سنووری پەروەردەی قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک، دوو مامۆستای گرێبەست بە ناوەکانی مەروان تەمەر و زەهرا عەبدولڕەحمان دوای دەرچوونی ناوەکانیان دەڵێن؛ ناویان لە لیستی دامەزراندن دەرهێنراوە و دوو مامۆستای دیکە لە شوێنیان دامەزرێنراون.














رووداو
Top