لە 40 رۆژی رابردوودا نزیکەی 16 هەزار کەس گەڕاونەتەوە شنگال
بەگوێرەی راپۆرتەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، زۆربەی ئەو خێزانانە لە 22 کەمپدا دەژین و ژمارەیەکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکاندان، وەکو گوند و شارۆچکە و شارەکان.
بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە لێشاوی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستیپێکردووە و زۆربەی ئەوانەشی گەڕاونەتەوە خەڵکی قوبلەتن، وەکو گوندەکانی دووگرێ، سیبا شێخدر، رامبووسی، تەل بەنات و هەروەها سەنتەری شنگال.
رێکخراوی خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، ژمارەیەک هۆکار هەن وایانکردووە گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە بۆ شنگال و دەوروبەری زۆربێت، لەوانەش ئەندامانی خێزانی گەڕاوە لە سێکتەری سەربازیی حکومەتی عێراقدا کاردەکەن و رێکارەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هاتووچۆیانی زەحمەت کردووە، ژمارەیەک لەو خانەوادانە سەرقاڵی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵن، بواری ئەمنی باشبووە و مین و تەقەمەنی لە خانووەکان لابراون و هەندێک لە خزمەتگوزارییەکانیش دابینکراون؛ هەروەها سەرۆک هۆزەکان، شێخ، موختار و رێکخراوەکان هانی خەڵک دەدەن بگەڕێنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ناوەڕاستی حوزەیرانەوە دوو هەزار و 701 خێزان کە دەکاتە 15 هەزار و 976 کەس گەڕاونەتەوە شنگال و باس لەوەش دەکات، لە کۆتایی مانگی شەشەوە رێکخراوی خێرخوازیی بارزانی دەستی بە یارمەتیدانی خێزانە گەڕاوەکان کردووە و تاوەکو ئێستا یارمەتیی هەزار و 634 خێزانی داوە.
رووداو
