راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان زیانی 77 ملیۆن دۆلاری لە ئابووریی کوردستان داوە

راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان زیانی 77 ملیۆن دۆلاری لە ئابووریی کوردستان داوە
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوەی زیاتر لە چوار مانگە گەشتە ئاسمانییەکان لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی وەستاون، بەم هۆیەوە بە سەتان كۆمپانیا و نووسینگەی فڕۆكەوانی و گەشتیاری بێكاربوون، رۆژانەش زیاتر لە 645 هەزار دۆلار زیان بەر ئابووریی هەرێمی كوردستان كەوتووە.

بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، لە 17ی ئاداری ئەمساڵ گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگیران، لە ماوەی رابردوودا تەنیا رێگە بە گەشتی فڕۆكەكانی كارگۆ، سەربازی، دیپلۆماسی، گەشتە ناچارییەكانی هاتنەوەی گەشتیاران لە دەرەوەی وڵات دراوە، بەم هۆیەشەوە جووڵەی گەشتیاری لە چوار مانگی رابردوودا لە فڕۆکەخانەکانی کوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 98.7% كەمیكردووە.

زۆرترین گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەکرێن کە دەگاتە 75٪ی گەشتەکان.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ساڵی رابردوو لەڕێگەی 19 هەزار و 560 گەشتەوە، یەک ملیۆن و 909 هەزار و 768 گەشتیار [934 هەزار و 17 هاتوو، 975 هەزار 768 رۆیشتوو] لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشتیان كردووە، كە رۆژانە بە تێكرا 54 گەشت هەبووە و پێنج هەزار و 232 کەسیش گەشتیان كردووە.

بەپێی داتاكان ساڵی رابردوو، بەراورد بە ساڵی پێشتر ژمارەی گەشتیاران بە رێژەی 24.5% زیادیكردووە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ژمارەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەراورد بە سێ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی 33.2% كەمیكردووە، لە سێ مانگی دووەمیشدا بەهۆی وەستانی گەشتەکان، ژمارەی گەشتیاران لە 455 هەزار و 824 گەشتیارەوە بۆ شەش هەزار و 34 گەشتیار كەمیكردووە، واتە هاتووچۆی گەشتیاری لە ماوەی ئاماژەپێکراودا بە رێژەی 98.7% كەمیكردووە، بەم هۆیەشەوە زیانێكی گەورە بە كەرتی فڕۆکەوانی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كەوتووە.

ئەندرۆ جۆنز، راوێژكار لە بەشی گەشەپێدانی بازرگانی و بەبازاڕكردن لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوتی "وەستانی گەشتی گەشتیاران لە چوار مانگی رابردوودا زیانێكی زۆری بە ئابووریی هەرێمی كوردستان گەیاندووە، بۆ نموونە بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رۆژانی ئاسایی كۆی داهاتی چالاكی و ئابووری و بازرگانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كە لە كڕینی قاوەیەك دەستپێدەكات تاوەژو دەگاتە داهاتی نیشتنەوەی فڕۆكە، كارگۆ، باجی گەشتیاران و قازانجی فرۆشتنی بەنزین، كرێی تەكسی، قازانجی كۆمپانیا گەشتیارییەكان، مانەوەی گەشتیار لە هۆتێل، رۆژانە زیاتر لە 500 هەزار دۆلار بوو، ئێستا بەهۆی وەستانی گەشتەكان سەرجەم ئەم جموجۆڵە بازرگانییانە وەستاون، تەنیا كارگۆ نەبێ کە ئەویش زۆر كەمبووە، بۆیە رۆژانە نیو ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووریی هەرێمی كوردستان دەكەوێت".

ئەندرۆ جۆنز دەشڵێت "پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا داهاتی مانگانەی فڕۆکەخانەی هەولێر نزیكەی 2.5 تاوەكو 3 ملیۆن دۆلار بووە، گەیشتبووە ئاستی خۆبژێوی و دەیتوانی كاری رۆژانەی خۆی بكات، بەڵام بۆ گەشەپێدانی ژێرخان و فراوانكردن پێویستی بە هاوكاریی حكومەت هەبوو، ئێستا بەهۆی وەستانی گەشتەكان ئەم داهاتە نەماوە، یان باشترە بڵێین زۆر كەمبووەتەوە، بۆیە سەرجەم خەرجییە خزمەتگوزارییەكانی فڕۆكەخانە و مووچەی كارمەندانی شارستانی و ئاسایشی فڕۆکەخانە كەوتووەتە ئەستۆی حكومەت".

فڕۆکەخانەی هەولێر کە داهاتی زۆر کەمبووەتەوە، چاوی لەو قەرزانەیە کە لەلای کۆمپانیا گەشتیارییەکانە، جۆنز دەڵێت "نزیكەی 55 ملیۆن دۆلارمان لەلای هێڵە ئاسمانییەکانە. بۆ خەرجییەكان داوای ئەو قەرزەمان كردەوە، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خراپیی بارودۆخی ئابووری ئەو هێڵانە، داواکاریی وەرگرتنەوەی قەرزەکانمان راگرتووە".

ئەگەر كۆی ژمارەی گەشتیارانی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ لە فڕۆکەخانەی هەولێر وەربگرین کە 302 هەزار و823 گەشتیار بووە، بە ژمارەی گەشتیاران لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو بەراوردی بکەین کە 899 هەزار و 360 گەشتیار بووە، دەردەکەوێت کە ژمارەی گەشتیاران بە رێژەی 66.4% كەمیكردووە.

تێكڕای ژمارەی رۆژانەی گەشتیاران لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا چوار هەزار و 941 گەشتیار بووە، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تێكرای ژمارەی رۆژانەی گەشتیاران هەزار و 661 گەشتیار بووە.

ئەندرۆ جۆنز دەڵێت "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پەیڕەوی ستانداردی جیهانی دەكات و پابەندی رێنمایی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتییە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە ئەگەر گەشتەکانیش دەستپێبكەنەوە، بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا لەوانەیە تاوەکو كۆتایی ئەمساڵیش نەتوانین بگەینەوە ژمارەی ساڵی رابردوو کە رۆژانە پێنج هەزار و 232 گەشتیارمان هەبووە".

بەپێی بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، رۆژی 23ی ئەم مانگە گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە؛ لەوبارەیەوە ئەندرۆ جۆنز گوتی "ئەگەر گەشتەكانیش ئاسایی ببنەوە، لەوانەیە ژمارەی گەشتیارانی فڕۆكەخانەی هەولێر لە مانگی ئەیلوول بەدواوە رۆژانە بگاتە هەزار گەشتیار یان كەمێك زیاتر".

دوای دامەزراندنی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی و واڵابوونی ئاسمانی هەرێمی كوردستان بەڕووی هێڵە جیهانییەكاندا، جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی و گەشتیاریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان گەشەی سەند، بەم هۆیەوە بە سەتان كۆمپانیای فڕۆکەوانی و گەشتیاری و كارگۆ لە هەرێمی كوردستان دامەزران.

لاوەند مەموندی، سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆکەوانی و گەشتیارییەكان لە هەرێمی كوردستان دەڵێت "800 كۆمپانیا و نووسینگەی فڕۆکەوانی و گەشتیاری [500 لە هەولێر، 180 لە سلێمانی و 120 لە دهۆك] لە هەرێمی كوردستان هەن، بەهۆی وەستانی گەشتەکان مانگانە هەریەکەیان نزیکەی 10 هەزار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، ئەو زیانەش بەهۆی کرێی نووسینگە و مووچەی کارمەندانیانە".

لاوەند مەموندی ئاشکرایکرد "لە ناوەڕاستی مانگی ئادار تاوەكو كۆتایی مانگی تەممووز سەرجەم كۆمپانیا و نووسینگەكان داخرابوون، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە 5%ی كۆمپانیاكان كراونەتەوە"؛ هەروەها دەشڵێت "بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی بەر كۆمپانیا و نووسینگەكان كەوتووە، نزیكەی چل كۆمپانیای فڕۆکەوانی بە یەکجاری داخراون".

لاوەند مەموندی ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان یاداشتێكیان داوەتە وەزارەتی شارەوانی و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی كار، دەشڵێت "داوامان كردووە بۆ ساڵی 2020 حكومەت باج لە کۆمپانیاکان وەرنەگرێت، پارەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی وەرنەگیرێت و كار بۆ كەمكردنەوەی كرێی كۆمپانیا و نووسینگەكان بكرێت".

لە كۆی ئەو 800 كۆمپانیا و نووسینگەیەی لە هەرێمی كوردستان هەن، نزیكەی 20 تاوەكو 30یان كۆمپانیای گەورە و چالاکن و بریكاری هێڵە ئاسمانییەكانن، ئەم كۆمپانیایانە بریكاریان داوەتە كۆمپانیا بچووك و نووسینگەكان کە كاریان فرۆشتنی بلیت و رێكخستنی گەشتە.

بڕوا قادر، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كۆمپانیای موون لاین بۆ فڕۆکەوانی و گەشتوگوزار، دەڵێت "بەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان لە 1ی نیسانەوە كۆمپانیاكەمان لەسەر زەرەر دەڕوات، مانگانە زیاتر لە 200 هەزار دۆلار زیان دەكەین، ئەو خەرجییەش هی خەرجیی رۆژانە و مووچەی كارمەند و كرێی كۆمپانیا و نووسینگەكانمانە كە نزیكەی 200 كارمەند و شەش لقمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە".

كۆمپانیای موون لاین بریكاری سەرەكیی هێڵی فڕۆکەوانیی میسرییە و لە 21 وڵات تكتی فڕۆکە دەفرۆشێت، لە توركیا و ئەڵمانیاش لقی هەیە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كۆمپانیای موون لاین بۆ فڕۆکەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت "توركیاش هاوشێوەی عێراق و هەرێمی كوردستان هیچ هاوكاریی نەكردووین، بەڵام حكومەتی ئەڵمانیا كرێی باڵەخانەی كۆمپانیاكەمان و پارەی كارمەندەكانمان دەدات".

بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێڵەكانی توركیش ئێرلاین، مەلەكییەی ئوردنی، قەتەرییە، فلای دووبەی، ماهان، ئەتڵەس جێت و هێڵی ئاسمانیی عێراق و چەند هێڵێكی ئەوروپی و ئاسیایی، هەفتانە 120 تاوەكو 130 گەشتیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەبوو، رۆژانە نزیکەی هەزار و 500 گەشتیاریان دەگواستەوە، ئەمە بێجگە لە فڕۆکەكانی كارگۆ و ناوخۆ، بەڵام ئێستا هەفتانە تەنیا چەند گەشتێكی كارگۆ هەیە، هەندێکجاریش فڕۆکەی سەربازی و دیپلۆماسی لێی دەنیشنەوە.

تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گوتی "لە 15ی ئادارەوە بە بڕیاری حكومەتی عێراق گەشتی گواستنەوەی گەشتیاران وەستاوە، تەنیا چەند گەشتێكی ناچاریمان هەبووە، هەفتانەش گەشتێك تا دوو گەشتی كارگۆمان هەیە، بەڵام ئەم گەشتانە داهاتێكی ئەوتۆیان بۆ فڕۆكەخانە نییە، ئەمە لەكاتێكدایە کە خەرجییە خزمەتگوزارییەكانی فڕۆکەخانە وەكو خۆی بەردەوامە، بەم هۆیەوە زیانێكی گەورە بەر ئابووریی هەرێمی كوردستان و داهاتی فڕۆكەخانەی سلێمانی گەیشتووە".

سەرچاوەی داهاتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بریتین لە نیشتنەی فڕۆکەكان و بەكرێدانی هەندێک شوێن بە كۆمپانیا فڕۆکەوانییەكان، وەرگرتنی باجی گەشتیاران و هەندێک داهاتی دیكە، سەرجەم ئەو داهاتانە دەچێتە خەزێنەی حكومەت، مانگانەش لە خەزێنەی حكومەت مووچەی كارمەندان و خەرجیی خزمەتگوزارییەكانی فڕۆکەخانەکە دابین دەكرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت "ئێستا بەهۆی وەستانی گەشتەكان، هەندێک لە داهاتەكان نەماون و هەندێكی دیكەشیان زۆر كەمبوونەتەوە، بۆیە سەرجەم خەرجییە خزمەتگوزارییەكانی فڕۆکەخانە لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە".

تاهیر عەبدوڵڵا گوتیشی "لەبەرئەوەی بارودۆخەكە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بۆیە قەبارەی زیانەكانمان هەژمار نەكردووە، بەڵام دەتوانم ئاماژە بە ژمارەیەكی نافەرمی بكەم كە لەڕێگەیەوە تاڕاددەیەك قەبارەی زیانەكان دەردەكەوێت، بۆ نموونە بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، داهاتی فڕۆکەخانەی سلێمانی نزیك دەبووەوە لە خەرجییەكان كە خەرجیی مانگانەمان نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە".

بەر لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ساڵی رابردوودا، رۆژانە هەزار و 400 تاوەكو هەزار و 500 گەشتیار لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و پێنج هەزار و 232 گەشتیار لە فڕۆكەخانەی هەولێر گەشتیان كردووە، ئەگەر زیانە ئابوورییەكانی رۆژانەی فڕۆكەخانەی هەولێر بە پێوەری ژمارەی گەشتیاران وەربگرین دەتوانین زیانە ئابوورییەكانی رۆژانەی فڕۆكەخانەی سلێمانی بە نزیكەی 145 هەزار دۆلار دیاری بكەین، كەواتە دەتوانین بڵێین ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆژانە تەنیا لە كەرتی فڕۆکەوانی زیانی 645 هەزار دۆلار بە ئابووریی هەرێمی كوردستان گەیاندووە، كۆی زیانەكانی ئەم چوار مانگەش دەكاتە 77 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار.














رووداو
Top