مەسروور بارزانی پێشوازی لە کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا دەکات
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی "پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کۆنسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی بۆ خواستووە لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە گەشەپێدانی ئابووری، بەتایبەتی لە بواری وزە و کشتوکاڵدا.
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزباییشی لە ستیڤن فەیگن، کۆنسوڵی پێشووی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی ئەرکی تازەی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
رۆب وۆڵەر بەرپرسی کاروباری عێراق بوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و یەکێکە لە دیپلۆماتکارە بەنێوبانگەکانی ئەمریکا، پێشتر دیپلۆماتکاری وڵاتەکەی بووە لە ئیمارات و سویسرا.
وۆڵەر لە ساڵى 2018وە بەڕێوەبەرى ئۆفیسی کاروبارى عێراق بووە لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و چەندین جار دیدار و کۆبوونەوەى لەگەڵ شاند و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان و عێراق هەبووە.
رۆب وۆڵەر لە ساڵی 1998وە ئەندامی ئۆفیسی خزمەتگوزاریی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. لە مانگی تەممووزی 2012 وەکو کۆنسوڵی ئەمریکا لە دووبەی دەستبەکاربووە و پێشتریش وەکو بەڕێوەبەری ستافی کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و فەلەستین لە کۆشکی سپی کاری کردووە.
وۆڵەر لە ویلایەتی میسۆریی ئەمریکا گەورە بووە، بەکالۆریۆسی لە توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نزیک هەیە لە زانکۆی Brigham Young. بە زمانەکانی عەرەبی، فەرەنسی و ئیسپانی قسەدەکات.
رووداو
