ئەو فەرمانبەرانەی كوردستان كە مووچەكانیان خراوەتە سەر بەغدا چوار مانگە بێ هۆكار مووچەیان ڕاگیراوە

ئەو فەرمانبەرانەی كوردستان كە مووچەكانیان خراوەتە سەر بەغدا چوار مانگە بێ هۆكار مووچەیان ڕاگیراوە
ئەو فەرمانبەرانەی كە لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا مووچەكانیان خرایە سەر حكوومەتی عێراق، ماوەی چوار مانگە مووچەكانیان بۆ خەرج نەكراوە و بەڕێوەبەرە گشتییەكەشیان ئاشكرای دەكات كە وەزارەتی دارایی عێراق شەڕیان پێدەفرۆشێت و مووچەكانیان پێنادات.

بە گوێرەی زانیارییەكان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان كە ٤٢٠ فەرمانبەری لە سەرجەم هەرێمی كوردستان هەیە و لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا بە فەرمی مووچەكانیان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە گواسترایەوە سەر حكوومەتی عێراقی فیدرال، مووچەی مانگەكانی (نیسان، ئایار، حوزەیران و تەمووز)یان بۆ خەرج نەكراوە، لە كاتێكدا فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییە هاوبەشەكانیان لە عێراق مووچەی سەرجەم ئەم مانگانەیان پێدراوە.

لەمبارەیەوە ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی كوردستان كە مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەی راستەوخۆ لە بەغداوە دەدرێت، زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند: ”لەگەڵ ئەوەی هەموو ڕەزامەندییەکمان هەیە، وەزارەتی دارایی عێراق شەڕمان پێدەفرۆشن و کێشە بۆ فەرمانبەرانمان دروست دەکەن و مووچەکانیان نادەن".

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە سێ مانگی ڕابردوودا هیچ مووچەیەكیان پێنەدراوە و خەریكە كاتی پێدانی مووچەی چوارەمین مانگیشیان دێت، ”ئەو داواكارییانەی بەغدا هەیبووە جێبەجێمان کردوون، ڕەزامەندی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیشمان هەیە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەکانی ڕاگرتووە".

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دووپاتی كردەوە كە یەك كەس لە بەغدا مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی كوردستانی راگرتووە و گوتی: ”چەندین بەڵێن دراوە کێشەکە چارەسەر بکرێ، هەوڵی زۆریش دراوە، پەرلەمانتارانی کوردیش لە پەرلەمانی عێراق ئاگاداری بابەتەکەن، بەڵام شتێکی وا نەکراوە کێشەكە چارەسەر بێت، ناکرێ مووچە و قووتی فەرمانبەران بەم شێوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ".










باسنیوز



Top