150 مێگاوات بە تۆڕی گشتیی کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت
دیار بابان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان رايگەیاند: "پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو وێستگەی هەڵمی خەبات لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستانەوە كرایەوە، سەرەتا 150 مێگاوات ئامادە بوو، خرايە نێو تۆڕی كارەبا و لە دوو رۆژی داهاتوودا 150 مێگاواتی دیکەی وێستگەكە دەخرێتە نێو تۆڕی گشتیی كارەبای هەرێمی كوردستانەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا گوتیشی: "ئەو وێستگەیە دوو یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبایە کە هەر یەكەیەك 150 مێگاواتە، یەكەیەكیان بە هەموو توانای خۆیەوە كار دەكات و ئەو یەكەیەیتریش چاكسازییەكی كەمی ماوە و لەم یەك دوورۆژەدا ئەویش بە تەواوی توانای خۆی دەكەوێتە كار، ئەگەر بەهۆی هاتنی كۆرۆنا نەبایە كە ماوەی 4 مانگ كاركردن لە وێستگەكە وەستاوە، ئێستا دەمێك بوو وێستگەكە بەتەواوی کەوتبووە کار".
دیار بابان جەختیشی كردەوە بە 300 مێگاوات کارەباوە وێستگەكە دەكەوێتە نێو تۆڕی گشتیی كارەبا و دەبێتە هۆی زیادكردنی نزیكەی 2 كاتژمێری تری كارەبای هەرێمی كوردستان و گوتیشی: "ئێستا لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی كارەبامان لە سەرووی 3 هەزار مێگاواتە و وێستگەی هەڵمی خەباتیش كاریگەی باشی دەبێت بۆ بەرهەمی كارەبا و زیادبوونی كاتژمێرەكانی كارەبا، چونكە ئەو وێستگەیە 10%ی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكات".
رۆژی سێشەممە 14ی 7ی 2020 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای 300 مێگاواتی هەڵمیی خەبات بە گەڕ خرا.
باسنيوز
