پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆشایی ئەمنیی لەنێوان کفری و خورماتوو پڕدەکەنەوە
بەپێی دوایین راپۆرتی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر، ژمارەی هێرشەکانی داعش لە عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 566 هێرش بووە و لەم دواییەشدا هێرشەکانی زیادکردوون.
جموجووڵی چەکدارانی داعش زیاتر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە؛ هێرشەکانی داعش ناوچە جیاوازەکانی ناحیەی گوڵاڵە لە خانەقینەوە تاوەکو سنووری کەرکووک و مەخمووری گرتووەتەوە.
عەمید دلێر شوکر، فەرماندەی لیوای سێی پیادەی پێشمەرگە راگەیاند، "زۆربونی جووڵەی داعش لە ناوچە دابڕێنراوەکان، بەتایبەتی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە دروست بوون، وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی لەسەر پڕکردنەوەی 11 کیلۆمەتر لەنێوان خورماتوو و کفری گەیاندە رێککەوتن. عێراق نۆ سەنگەری بە هێزەکانی لیوای 20ـی فیرقەی پێنج پڕکردەوە، پێشمەرگەش حەوت سەنگەری تێدا داناوە و خەریکی دروستکردنی سەنگەری دیکەشن و بە لیوای 102ی پێشمەرگە پڕدەکرێنەوە".
هەبوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە کاتێکدایە زیاتر لە چەند مانگێکە دانوستاندنەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەستیان پێکردووەتەوە، بەڵام نەگەیشتوون بە رێککەوتنی تەواوەتی و کۆتیایی بۆ پڕکەردنەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی لە پارێزگای نەینەواوە تاوەکو پارێزگای دیالە.
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق راگەیاند، "کۆمەڵێک جەمسەر هەن دەبێت لەنێوان ئێمە و هەرێمی کوردستاندا بۆ رووبەرووبونەوەی تیرۆر قسەیان لەسەر بکرێت، وەک بۆشایی ئەمنی لەنێوان ئێمە و پێشمەرگەدا کە داعش سوودی لێوەردەگرتن و زۆر گرفتی دیکە دەبێت بەرچاوورونیمان لەسەریان هەبێت".
لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا داعش 85 چالاکیی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان کردووە. بەو هۆیەوە 70 كەس كوژراون، 161 كەس برینداربوون و41 كەسیشی رفاندووە. زۆرترین هێرشەکانی داعش لە مانگی نیساندا بوون کە 37 هێرش بوون.
رووداو
