بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە بڕیاری لابردنی جۆزە پەشیمان بووەوە
بڕیارەکە بەو جۆرەیە کە ئەو ماڵانەى زیادەڕەوییان کردووە یان جۆزەکانیان لابردووە، چاکی بکەنەوە و بەپێی پێویست کاژێرەکانى پێدانى کارەباى ئەو ناوچانە رێکدەخرێن کە لە چاو ئەو شوێنانەى جۆزەکانیان نییە کارەبایان زیاتر پێدەدرێت.
سیروان محەممەد، گوتەبێژى کارەباى سلێمانى راگەیاند، "بەشێک لەو ناوچانە داوایانکرد کە جۆزەکانیان بمێنێتەوە. ئێمەش رازى بووین بەوەى تا دانانى پێوەرى زیرەک با وەک رابردوو جۆزەکانیان بمێنن".
دواى نزیکەى سێ مانگ لە راگرتنى، لە رۆژى پێنجشەمەوە کارەبارى سلێمانى دەست بە بەستنى پێوەرى زیرەک دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا 85 هەزار پێوەر لە
سلێمانى بەستراون.
بەرنامەکە بەو ئامانجەیە بتوانرێت بە بڕینى کارەبای دزاو و بەهەدەرچوو پێدانی کارەبا لە 24 کاژێر نزیک ببێتەوە.
زانیار تۆفیق، هاونیشتمانىیە و دەڵێت، "ئەم جۆزانەش کە دایانناون ناتوانین هەموو شتێک ئیش پێبکەین. سپلێت ئیش بکات، نابێت هیتەر و سەلاجە و شتى دیکە ئیش بکات".
عومەر فەرەج، هاونیشتمانىیەکی دیکەیە و دەڵێت، "کاتی خۆى بەس ساڵى یەکەم سوودمان لێبینى، ئیتر لایانبرد و وەک ماڵانى دیکە، کارەبامان پێدەدرێت".
پێوەرە زیرەکەکانی وەزارەتى کارەباى کوردستان لەلایەن کۆمپانیایەکى بەریتانییەوە دابین کراون کە ئەم پێوەرە لەگەڵ سیستەمەکە جیاوازییەکى زۆریان هەیە کە گرنگترینیان جیاوازیى نێوان پێوەرى میکانیکى و پێوەرى زیرەکى کارەبایە.
پێوەرى میکانیکى یان کۆن بەکارهێنانی کارەبا تۆماردەکات. رێکەوتی بەکارهێنانی لەسەر نییه. بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکان دەبێت بکرێتەوە و سەیربکرێت. ناتوانرێت له دوورەوه پەیوەندیی پێوه بکرێت و بکوژێنرێتەوە. به ئاسانى دەستکارى دەکرێت و فێڵى تێدادەکرێت. ناتوانێت راستەوخۆ زانیارییەکانى تۆماربکات.
پێوەرى زیرەک بەکارهێنانى کارەبا تۆماردەکات. رێکەوتی بەکارهێنانی لەسەرە. بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکان پێویستى بەسەیرکردنی لە نزیکەوە نییە. لە دوورەوه پەیوەندیی پێوەدەکرێت و زانیارییەکانی لێ وەردەگیرێن. لە دوورەوه کۆنترۆڵ دەکرێت و دەکوژێنرێتەوە. داتا و زانیاریى بۆ دەنێردرێت و لێی وەردەگیرێت. ناوەندی زانیارییەکان لە هەر دەستکاریکردنێک ئاگاداردەکاتەوە. دەتواندرێت له رێگەیەوه بارگرانىی سەر تۆڕەکانى کارەبا کەمبکرێتەوه.
لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە ملیۆن و نیوێک هاوبەشى کارەبا هەن کە بەگشتى خواست لەسەر کارەبا لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار مێگاواتە، بەڵام بڕى بەرهەمهێنان نزیکەی سێ هەزار مێگاواتە.
رووداو
