كەركووك.. حەشدی شەعبی بەتەمایە دەست بەسەر بازاڕی کۆنی شارەكەدا بگرێت

كەركووك.. حەشدی شەعبی بەتەمایە دەست بەسەر بازاڕی کۆنی شارەكەدا بگرێت
لە شاری كەركووك، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەیانەوێت دەست بەسەر (قەیسەری) دێرینترین بازاڕی شارەكەدا بگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە 20/7/2020، هەژار تەحسین، یەكێك لە خاوەن دووكانەكانی قەیسەریی شاری كەركووك، ڕایگەیاند: "لە كۆتایی ساڵی 2018 دووكانەكانی قەیسەری كەركووك گڕیان تێبەر بوو و سووتان و خەڵكێكی زۆر لە دووكاندارەكان زیانی زۆریان كرد، دوای نزیكەی ساڵێك نۆژەن كرایەوە و پاشان لە ڕێورەسمێكدا دووكانەكانیان رادەست كردینەوە و ئینجا ئەوە نزیكەی پێنج مانگە بەهۆی كۆرۆناوە بازاڕمان نەبووە، ئێستا فەرمانگەی ئاسەواری كەركووك ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو بازاڕە موڵكی ئەوانە و دەیانەوێت بیخەنە زیادكردنێكی ئاشكراوە لە كاتێكدا دەیان ساڵە ئەم دووكانانە هی ئەو كەسانەیە كە تێیدان".

گوتیشی: ئەو كردەویە دەستی حەشدی شەعبی و بەتایبەتی عەسائیبی ئەهلی حەقی تێدایە و دەیانەوێت دەست بەسەر ئەو دووكانانەدا بگرن و بیكڕن و دواتر بە پارەیەكی زۆر بیدەنە كرێ، چونكە دەزانن زۆرینەی خاوەن دووكانەكان كوردن، بۆیە دەیانەوێت كورد لەو بازاڕە نەمێنێت، بۆیە دوێنێ یەكشەممە گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییمان ئەنجام دا لەسەر ئەو هەوڵە و بەردەوام دەبین لەسەر ناڕەزایەتییەكانمان".

بازاڕی قەیسەریی كەركووك دێرینترین بازاڕێ‌ شاری كەركووكە كە نزیكە لە قەڵای شارەكەوە لە ساڵی 1855 بونیات نراوە و لە ساڵی 1978 نۆژەن كراوەتەوە و لە 365 دووكان پێكدێت و حەوت دەرگای چوونەژوورەوەشی هەیە و زۆرینەی دووكاندارەكانیشی كوردن.











باسنیوز




Top