بەڕێوەبەری بەنداوەکان: لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە ژمارەیەک بەنداو دروست دەکرێن

بەڕێوەبەری بەنداوەکان: لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە ژمارەیەک بەنداو دروست دەکرێن
بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان, ئاشکرای کرد سەرقاڵی تاوتوێی پلانی پێدانی پڕۆژەی دروستکردنی چەند بەنداوێکن کە چەند کۆمپانیایەکی بیانی دروستیان دەکەن.

ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕايگەیاند: "ھەرێمی کوردستان خاوەن ئاوێکی زۆری سەر زەوییە، بەڵام وەک پێویست نەتوانراوە سوودی لێ وەربگیردرێت".

گوتیشی: "بەپێی ئەو ڕووپێویەی کردوومانە، لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان (٢٤٠)شوێن گونجاوە بۆ دروستکردنی بەنداو، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەکی کەم لە بەندا بۆ گلدانەوەی ئاو دروست کراون".

ئەکرەم ئەحمەد باسی لەوەش کرد: "ھەرچەندە پێش بارودۆخی کۆرۆنا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٣٣ ملیار دیناری بۆ دروستکردن و تەواوکردنی ١٢ بەنداو تەرخان کردبوو، بەڵام بارودۆخە کارەکانی وەستاند و چاوەڕێی دەکەین دوای ئاساییبوونەوەی بارودۆخی کۆرۆنا و دارایی، دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت".

بەڕێوەبەری بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکراشی: "پلانی پێدانی دروستکردنی بەنداویان بە کۆمپانیا بیانییەکان بەشێوەی وەبەرھێنان ھەیە، بۆ ئەو مەبەستە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی پلانەکەیە و چەند کۆمپانیاکی بیانیش داواکارییان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش کردووین و دوای ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەکانیان پێ دەدەین".












باسنيوز




Top