سهندیكای زێڕنگەران: لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا زێڕ بەرزترین نرخی تۆمارکرد
ههندرێن وهرتی، گوتهبێژی سهندیكای زێڕنگەران راگەیاند "هێرشێکی گەورەی دۆلار بۆسەر زێڕ پەیدابووە، لەڕووی خستنەڕوو و خواست، بەو هۆیەوە بازرگان و سەرمایەدارانی جیهان لە پارە دەترسن و روویان لە کڕینی زێڕ کردووە، بهپێی نرخهكانی بۆرسهی جیهانی ئهمڕۆ چوارشەممە 15-7-2020 نرخی یهك ئۆنس زێڕی عهیارە 24 بۆ ههزار و 811 دۆلاری ئهمریكی بەرزبووەتەوە، کە لە ساڵی 2012وە نرخی زێڕ بەو جۆرە بەرز نەبووەتەوە. مەزەندە دەکرێت نرخی یهك ئۆنس زێڕ بۆ هەزار و 900 دۆلار بەرز ببێتەوە".
گوتهبێژی سهندیكای زێڕنگەران هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەگێڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، ململانێی نێوان چین و ئەمریکا و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییان بەسەر بەرزبوونەوەی نرخ هەیە "هەروەها کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی زێڕ کێبەرکێیانە، لە هەندێک وڵاتانیش زێڕ تێچووی زیاترە لە بەرهەمەکە، بەگشتی هەموو ئەو هۆکارانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ".
گوتهبێژی سهندیكای زێڕنگەران باسی لەوەش کرد، هەرچەندە دوو هەفتە بەر لە ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەشێک لە زێڕەکانیان دەخەنەڕوو، بەڵام بە پێچەوانەوە خواست لەسەر کڕینی زێڕ زیاتر بووە و بەهای زێڕ دانەبەزیوە.
سەبارەت بە هاوردەکردنی زێڕ بۆ هەرێمی کوردستان، ههندرێن وهرتی گوتی "ئەمساڵ بڕێکی کەم زێڕ هاوردە کراوە، بەڵام هەناردەکردنی زێڕ زیاتر بووە تاوەکو کڕینی. هەولێر بە دۆخێکی ترانزێتیدا تێدەپەڕێت، کە زێڕ دێتە عێراق یەکسەر دێتە هەولێر و ئەو زێڕانەی هەن دەنێردرێنە بۆرسەکانی ئیستەنبووڵ".
بە گوتەی ههندرێن وهرتی، لە ساڵی 2013دا بڕی 113 تۆن زێڕ لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە کراوە، کە 70%ی بۆ شارەکانی عێراق بووە، لە ساڵی 2014شدا 89 تۆن و لە ساڵی 2015شدا 79 تۆن زێڕ هاوردەکراون، ساڵانی دواتریش نزیکەی 30 تۆن زێڕ پشکنینی لە کۆنترۆڵی جۆری بۆ کراوە".
ئێستا نرخی زێر لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەمشێوەیە:
عەیار 24: 359 هەزار دینار
عەیار 21: 315 هەزار دینار
عەیار 18: 269 هەزار دینار
رووداو
