ژنێک و دوومنداڵەکەی هەشت رۆژە لەسەر شەقامەکانی هەولێرن

ژنێک و دوومنداڵەکەی هەشت رۆژە لەسەر شەقامەکانی هەولێرن
ژنێکی تەمەن 30 ساڵ بە دوو منداڵەوە 8 رۆژە لەسەر شەقامەکانی هەولێرن و، بەدوای شوێنێک بۆ مانەوە دەگەڕێن. ئەم ژنە 8 مانگە لە مێردەکەی جیابووەتەوە، ماڵی باوکی وەریاننەگرتووەتەوە و دەڵێ منداڵەکانیان قبوڵ نەبووە ئەویش دەست لە منداڵەکانی بەرنادات.

ژنەکە دوو منداڵی تەمەن 5 ساڵ و کچێکی سێ مانگی هەیە، کوڕەکەی نەخۆشی دەروونی هەیە و کچە 3 مانگەکەشی بە تەنگە نەفەسییەوە دەناڵێنێت. دەڵێت پیاوەکەی ماددەی هۆشبەری بەکاردەهێنا و بەردەوام کە زیندان بووە بۆیە لێی جیابووەتەوە.

کەسوکاری گوتوویانە ئەگەریش خۆت بگرینەوە نابێ منداڵەکانت پێ بن و ئەویش بەوە رازی نەبووە.بە دوو منداڵەکەیەوە نزیکەی هەشت رۆژە بێ ماڵوحاڵە، وێڵی پارک و سەرشەقامەکانە و بێلانەیی هاتووەتەسەر هەژاریی و خەمی ژیانی.

17 رۆژ لە داڵدە بووە و منداڵە دووەمەکەی لەو‌ێ لەدایکبووە. دواتر بە یارمەتی خێرخوازان و کارێکی کاتیی، توانیویەتی خانووەیەک بەکرێ بگرێت. دوای ماوەیەک کە کارەکەی لەدەست دەدات، خاوەن ماڵ دەریدەکات و چارەنووسی دەبێتە گۆشەی پارکەکان.

بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لەم کەیسەدا داڵدە بە باشترین بژاردە دەزانن تاوەکو یەکلاییکردنەوەیە چارەنووسی.

بەڵام بەهۆی ئەوەی رازی نییە بچێتە داڵدە دەبێت چاوەڕێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بکات بۆ یەکلاییبوونەوەی شوێنی مانەوەی. دۆخەکەش لەگەڵ تێپەڕینی رۆژانی تەمەنیان، لەئەگەری نەبوونی یارمەتییەک بۆ رێکخستنی ژیانیان، رۆژ لەدوای رۆژ باری ژیانی خۆی و منداڵەکانی قورستر، تاڵتر و نادیارتر دەکات.







رووداو
Top