25 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا
شەوی رابردوو لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانلەدەستدانی 10 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا راگەیێنرا و ژمارەی مردووان گەیشتە 525 کەس؛ نزیکەی 800 تووشبووش لە نەخۆشخانەکاندان کە تەندروستی 170یان ناجێگیرە.
لە پارێزگای کرماشان 9 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 6یان لە شاری کرماشان و ئەوانی دیکەش لە شارەکانی کەنگاوەر، هەرسین و روانسەر بوون؛ ژمارەی مردووانی کۆرۆنا لەو پارێزگایە گەیشتووەتە 341 کەس.
لە پارێزگای سنە، گیانلەدەستدانی چوار کەس و تووشبوونی 107 کەسی دیکە بە کۆرۆنا راگەیێنرا؛ سێ کەسیان لە شاری سنە و ئەوی دیکەشیان لە مەریوان گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ژمارەی مردووانی کۆرۆنا لەو پارێزگایە بووە 338 کەس؛ 407 تووشبووش لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکەدا ماون.
لە ئیلامیش دوو تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و 88 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون؛ تاوەکو ئێستاش لەو پارێزگایە 113 کەس بە کۆرۆنا مردوون و 145 تووشبووش لە نەخۆشخانەن.
لە پارێزگای لوڕستان تەنیا لە شاری بروجێرد ئاماری قوربانیان رادەگەیێنرێت؛ لەو شارەش تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 518 کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە 83یان گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها لەو پارێزگایە 304 کەس لە ستافی پزیشکی تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
تاوەکو ئێستا کۆی گشتیی ژمارەی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 440 کەس.
رووداو
