وەزارەتی كشتوكاڵ: لە ھەوڵداین بەرھەمی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان ھەناردە بكەین
لە عەلوەی هەولێر، بەرهەمێکی زۆرى جوتيارانى ھەیە، بەڵام ساغ نەبوونەوەی لە بازاڕدا بووەتە کێشەیەکی گەورەی بەردەميان، خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەروبوومێک زیاترە لە داهاتەکەیەتی، بۆیە جوتیاران نیگەرانن لەو دۆخە، چونكە خواردنگەکان داخراون و رێگەی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش داخراوە، تائێستا کارگەیەکيش نییە ئەم بەرهەمانە ساغ بکاتەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ داوای چارەسەری بنەرەتی لە حکومەت دەکات و داواش دەکات رێگای بازرگانی نێوان شارەکانی عێراق وهەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
جگە لە، كێشیە تائێستا نەتوانراوە بەرهەمى ناوخۆ وەبەرهێنانى تێدا بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانيش بۆ چارەسەرى كێشەكان، لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا لەسەر هێڵه، بۆ ئەوەی بەرهەمی جوتیاران هەناردەی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت ئیمارات بکرێت. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لەوبارەیەوە رێکارەکانى وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆمپانیاکان دەخاتەڕوو.
بڕیارە رۆژی پێنج شەمەی داھاتوو، وەزیری کشتوکاڵ بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەری کێشەی جوتیاران و پلانەکانی وەزارەت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت، ئەوە لە كاتێكدايه هەوڵەکانی وەزارەت و حکومەت بۆ چارەسەری کێشەی جوتیاران بەردەوامە و لە هەوڵدان بەشێکی زۆری بەرهەمی جوتیاران هەناردەی وڵاتان بكرێت.
K24
