ئەمریکا داوای راگرتنی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانی عێراق دەکات
ئەمڕۆ پێنجشممە 12-12-2019، مۆرگان ئۆرتاگۆس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی (ئەلحوڕە)ی راگەیاندووە، کاتێ هاووڵاتییان بەشێوەیەکی ئاشتییانە ناڕەزایی دەردەبڕن، ”ئێمە بە مافی خۆیانی دەزانین“.
مۆرگان ئۆرتاگۆس هەروەها رایگەیاندووە، پێویستە عێراق و هەموو وڵاتان رێگا بە خۆپیشاندانی ئاشتییانە بدەن، کە داوای حکوومەتێکی شەفاف لە وڵاتەکەیان دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە باری ژیانی خەڵکەکەی چاک بکات و بەشێوەیەکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ داخوازیی خۆپیشاندەران بکات.
مۆرگان ئۆرتاگۆس داوای راگرتنی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران کردووە و رایگەیاندووە، ”هەندێک هەنگاومان بۆ راگرتنی توندوتیژییەکان ناوە و بەردەوامیش دەبین لە گوشارە دیپلۆماتییەکانمان“.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی عێراق رانەگیرێت، ئەوا ”لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتی و ئەوروپییەکانمان“ لە نەتەوە یەکگرتووەکان پرسی سزادانی بەرپرسان لە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران، تاوتوێ دەکەین.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز
