دوا وادەی عێراق بۆ داماڵینی چەک لە میلیشیاکان
لەگەڵ نزیکبوونەوەی نوێنەرایەتی "هاوپەیمانی جیهانی" بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، تا کۆتایی مانگی ئەیلول، ئیتر بوار بۆ چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت نامێنێت.
سەباح نعمان وتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی هەینی 10ی تەمموز ڕایگەیاند، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە "سنووردارکردنی چەکەکانی حکومەت بڕیارێکی سەروەرییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، “بڕیاردان لەسەر بابەتە ئەمنییەکان دەبێت تەنها لە ئەستۆی حکومەتی عێراق بێت”.
نعمان ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارە لە مانگی ئەیلولدا نوێنەرایەتیی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کۆتایی پێبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە "هاوپەیمانی جیهانی"ەوە دەگۆڕێت بۆ "هاوپەیمانی دوولایەنە".
ئەم هاوبەشییە "لایەنە ئابووری و سەربازییەکان"ی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ساڵی ٢٠١١ی نێوان بەغدا و واشنتۆن چالاک دەکات.
گوڵان: سەردار خەلیل
