کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی بە پڕۆژەیاسای چاکسازی دەردەبڕێت
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی ١٢ی ٢٠١٩، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە ئەندرۆ لانتس، بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا هێمن هەورامی، دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەو ئاڵۆزییانەی ئێستای ناوەڕاست و خوارووی عێراق و جموجۆڵەکانی داعشی بۆ شاندەکە خستە ڕوو.
باسیشی لە پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق) کرد کە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کراوە و ئەمڕۆ بۆ پەرلەمان نێردراوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕای گەیاندووە: “پەرلەمان ئەرکە یاساییەکانی ئەم پڕۆژەیە بە باشترین شێوە بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدات، ئامانجیش لە پرۆژەکە هێنانەکایەوەی دادپەروەرییە لە ڕووی کارگێری و داراییەوە”.
لە لایەن خۆیەوە ئەندرۆ لانتس، بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بە پڕۆژەیاسای چاکسازی دەربڕیوە و رای گەیاندووە: “وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی لە ئەنجامدانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان دەکات”. بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیی خۆیانی بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
باسنيوز
