وەزیری نەوتی عێراق ناوەڕۆکی گفتوگۆکان و رێککەوتنی بەغدا - هەولێر ئاشکرا دەکات

 وەزیری نەوتی عێراق ناوەڕۆکی گفتوگۆکان و رێککەوتنی بەغدا - هەولێر ئاشکرا دەکات
وەزیری نەوتی عێراق ناوەڕۆکی گفتوگۆکان و رێککەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-12-2019، سامر غەزبان، جێگری سەرۆک وەزیرانی بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، لە دوایین سەردانی دوو شاندی هەولێر بۆ بەغدا، سێ تەوەری گرنگ گفتوگۆیان لەسەر کرا، کە بریتین لە:

- بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020.

- چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

- چۆنیەتیی دیاریکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق.

سامر غەزبان هەروەها رایگەیاندووە، هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ ”جددین“ لەسەر چارەسەرکردنی کێشە نەوتییەکانی نێوانیان و لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ئایندەش، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە دیاری کراوە.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت کردووە، کە بریتین لە:

- هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ لە بەرهەمهێنانی بڕی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بۆ ئەوەی گرفت بۆ ئەو رێژەیە دروست نەبێ، کە رێکخراوی هەناردەکارانی نەوتی جیهانی (ئۆپێک) بۆ عێراقی دیاری کردووە.

- هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە کۆی ئەو 450 هەزار بەرمیل نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت، رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکات.

- رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە سۆمۆ لە رۆژی 1-1-2020 دەست پێدەکات.









باسنیوز
Top