بابەکر زێباری: بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپا مەترسییەکانی داعش زیاتر دەکات

بابەکر زێباری: بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپا مەترسییەکانی داعش زیاتر دەکات


سوپاسالاری پێشووی عێراق پێیوایە کە داعش سوودى لە خراپى مامەڵەى حکوومەتى عێراق لەگەڵ سووننەکان وەرگرتووە، دەشڵێ بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق مەترسییەکانی داعش زیاتر دەکات.



فەریق بابەکر زێباری سوپاسالارى پێشوی عێراق و شارەزا لە بوارى سەربازی راگەیاند: "پاشماوەى چەکدارانى رێکخراوى تیرۆریستى داعش خەریکى خۆرێکخستنەوەن بە ئامانجى سەلماندنەوەى بوونى خۆیان لەناوچەکە، دۆخى ئێستاى ناوچەکەش بەتایبەت عێراق بە گونجاو دەزانن هەرچەندە لە ڕاستیدا ئەوان زەویان بەدەستەوە نییە بەڵام بەردەوام لێرە و لەوێ هێرش و پەلامار ئەنجام دەدەن بۆسەر هێزەکانى سوپاى عێراق و هاووڵاتیانى سڤیل، ئەمەش بەهۆى ئەو بۆشاییە ئەمنییەى کە لە نێوان سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگەدا هەن بەتایبەت لەناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم".



راشیگەیاند: "ئەو ژینگەیەى ئێستاى عێراق بۆ گەشەکردنى داعش لەبارە بەهۆى خراپى مامەڵەى کابینە یەک لەدواى یەکەکانى حکوومەتى عێراق لەگەڵ سوننەکان، ئەمەش بەهۆى جیاوازیى تایفى و رەگەزیى و ئایینى کە بەردەوام بووەتە کێشە بۆ عێراقییەکان".



سوپاسالارى پێشووی عێراق ئەوەشى خستەڕوو" بەهۆى ئامادەیى پێشمەرگە و توندوتۆڵى سەنگەرەکانەوە داعش ناتوانێت پەلامارى کوردستان بداتەوە بەڵام ئەو بۆشاییە ئەمنییەى کە لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و عێراقدا هەیە مەترسییە بۆسەر ناوچەکە بەگشتى، بەهۆى بێتوانایى حکوومەتى عێراق لەپاراستنى ئارامیى ناوچەکە".












باسنيوز
Top