مەسروور بارزانی: ئامانجمانە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکەین

مەسروور بارزانی: ئامانجمانە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکەین
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵ، نێردە، نوێنەر و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کارنامەی کابینەی نۆی حکومەت، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و رووبەڕووبووونەوەی "تیرۆر" کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بەرنامەی چاکسازی کرد کە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و جەختیشی کردەوە، کابینەی نۆیەم کار بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە هەموو کەرتەکاندا دەکات.

لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، مەسروور بارزانی گوتی، هەرێمی کوردستان ئامانجی ئەوەیە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بکات کە لە بەرژەوەندی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی عێراق بێت.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش. هاوکات سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشیان کرد بۆ میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەران.
Top