نەبوونی خزمەتگوزاری لە موسڵ بەربەستە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکەکەی

نەبوونی خزمەتگوزاری لە موسڵ بەربەستە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکەکەی
دوای ئەوەی موسڵ بەهۆی شەڕەوە وێران بوو، نەبوونی خزمەتگوزاری و سستیی نۆژەنکردنەوە بوونەتە مایەی ئەوەی خەڵکەکەی نەگەڕێنەوە. ئەوانەشی گەڕاونەتەوە لە دۆخێکی خراپدا دەژین.

ئەحمەد عەبدولحەمید، دانیشتووی موسڵی کۆنە و لە خانوویەکی وێرانی دوای شەڕدا دەژی، دەڵێت "کاتێک داعش لێرە بوو، هێرش و بۆردوومانی بەردەوام هەبوو. دواتر ئازادبووین و گەڕاینەوە ماڵەکانمان، بەڵام بەبێ هەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەک. کەس چاودێریمان ناکات، تەنیا هەندێک خەڵکی خێرۆمەند هاوکاریمان دەکەن".

بەشێکی زۆر لە خانووەکانی موسڵی کۆن بەهۆی شەڕەوە وێرانبوونە. تاوەکو ئێستا حکومەت هیچ هەنگاوێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووەکان نەناوە. هاوکات خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش وەک پێویست دابیننەکراون. ئەوەش بووەتە لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکە.

عەباس یونس، دانیشتوویەکی شارەکەیە و دەڵێت "ئێستا ئێمە لە موسڵی کۆنین، زۆربەی خەڵکەکەی نەگەڕاونەتەوە، چونکە خانووەکانیان واێرانکراون. هیچ بنیادنانەوەیەک نییە. حکومەت چ لە ئاستی ناوەند و چ لە ئاستەکانی دیکە سەرنجی لەسەر ئەم پرسە نییە. خەڵک دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام خانووەکانیان وێرانن، تەنانەت ئەو خانووانەیشی وێراننەبوونە باران تێکی داون".

داعش لە حوزەیرانی 2014دا دەستی بەسەر موسڵدا گرت و بۆ ماوەی سێ ساڵ حاکمی ئەو شارەبوو. لە تەمووزی 2017شدا جارێکی دیکە شارەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە کۆنترۆڵکرایەوە. بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانیشەوە بەشێکی زۆر لە شارەکە وێرانبوو کە تاوەکو ئێستا وەک پێویست نۆژەننەکراونەتەوە.
Top