ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای چاکسازی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمان
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان کرا، کە بەشێکە لە بەرنامەی گشتگیریی چاکسازی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا گشت کەرتەکان دەگرێتەوە.
گوتیشی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بەڵێنیان دابوو ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرن بۆ پەرلەمان. ئەمەش پرۆژەی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکوومەتە و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و دادپەرەوەرییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵکی شایستە، مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
دوای گفتوگۆکردنێکی چڕ و بەرفراون لەسەر یەک بە یەکی بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە و دوای جێگیرکردنی چەندین گۆڕانکاری، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد و دەینێرێتە پەرلەمانی کوردستان.
باسنيوز
