سنە.. گەنجێکی کورد لەسێدارە درا
حوکمی سێدارەی لاوێکی خەڵکی سنە لە گرتووخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١ی١٠ی٢٠١٩ حوکمی سێدارەی گەنجێکی کورد بەناوی "ڕزگار زەندی" لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە.
ڕزگار زەندی تەمەن ٢٤ ساڵ و باوکی منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵ بوو کە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە.
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی لە پێش گرتووخانەی ناوەندیی سنە و لە پارکی "گەڕەکی سەعدی" کۆ ببوونەوە هەتا بتوانن ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکە بەدەست بێنن و ڕزگار لەسێدارە نەدرێت، بەڵام لە ئاکامدا بنەماڵەی کوژراو کە ئامۆزای ڕزگاریش بوون، لێی خۆش نەبوون و لەسێدارە درا.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان و هەندێ گرتە ڤیدیۆ دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسانی گرتووخانەی سنە بۆ بڵاوەکردنی خەڵک بنەماڵەی کوژراوەکەیان ناچار کردووە کە بە درۆ بڵێن ڕەزایەتمان داوە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسێدارە دراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سیپتەمبەردا لانیکەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.
باسنیوز
