پارتی لەبارەی كاندیدی بۆ سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان زانیاری دەخاتە ڕوو

پارتی لەبارەی كاندیدی بۆ سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان زانیاری دەخاتە ڕوو
سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ڕای دەگەیەنێت، ئەو كەسەی بۆ سەرۆكی لیستی هاوپەیمانێتییەكە دیاری دەكرێت، دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەری كۆك بن.

بڕیارە سبەی سێشەممە١ی ١٠ی ٢٠١٩ هەموو لایەنە كوردستانییەكان بە پارتیشەوە، لە مەكۆی سەرەكیی گۆڕان لە سلێمانی كۆ ببنەوە، بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەبارەی دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكە بدەن.

لەمبارەوە د. خەسرەو گۆران، نوێنەری شاندنی پارتی و سەرۆكی دەزگای هەڵبژارندنی پارتی ڕايگەیاند: "ئێمە سبەی ١ی ١٠ی ٢٠١٩ لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی كۆ دەبینەوە، بۆ ئەوەی كۆتایی بە بابەتەكە بهێنین، هەروەها سەرۆكی لیست، لۆگۆ، دروشم، سكرتاریەتێک بۆ هاوپەیمانێتییەكە دابمەزرێنین“.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ پارتی هیچ كاندیدێكی بۆ سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە دەبێت، یان نا؟، د. خەسرەو گۆران ئاماژەی بەوە كرد: "لەوانەیە لە دوا کاتەکاندا كاندیدمان هەبێت".

هاوكات جەختیشی كردەوە: "ئەو كەسەی بۆ سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە دیاری دەكرێت، دەبێ هەموو لایەنەكان لەسەری كۆك بن، جگە لەوەش هەموو شتێك قابیلی گۆڕانە تا ڕێككەوتن دەكەین".

ڕوونیشی كردەوە: "تا بە شێوەیەكی فەرمی و یاسایی دەرفەت بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتی تەواو دەبێت، هەر لایەنێكی كوردستانی بیەوێت، ئەوا دەتوانێت لە هاوپەیمانێتییەكەدا بەشدار بێت".

ڕۆژی شەممە ١٤ لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان، لەسەر بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سێ پارێزگای "نەینەوا، کەرکووک و دیالە" ڕێک کەوتن بە کە بە "لیستی هاوپەیمانیی کوردستانی" لەو سێ ناوچەیە و بە یەک لیست ەبشداری بکەن.

بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ١ی٤ی٢٠٢٠ بەڕێوە بچێت، بەڵام لایەنە کوردستانییەکان لەبارەی چەند بڕگەیەکی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ناڕەزییان دەبڕیوە و تانەیان لێ داوە و خوازیاری گۆڕنی ئەو بڕگانەن و هاوکات خوازیاری ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان پێش ئەوەی هەڵبژاردنیان تیدا بکرێت.













باسنيوز
Top