وەزارەتی پەروەردە زانیاری و بڕیارە فەرمییەکانی لەم سەرچاوە فەرمییانەوە بڵاو دەکاتەوە
لە دوای دەست بەکار بوونی ئالان حەمە سەعید، وەک وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند میدیا و پەیج و ئەکاونتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەردەوامی دەنگۆی دەرچوونی بڕیاری جۆراوجۆر بڵاو دەکەنەوە کە دواترینیان بڕیاری نەهێشتنی مامۆستای پیاوە لە قوتابخانەکانی کچان بۆ پۆلەکانی ٧ تا ١٢.
بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە بووەتە دیاردەیەکی ناتەندرووست و کاریگەری لەسەر پرۆسەی پەروەردە و دەروونی قوتابی و کەسوکاریشیان درووست کردووە.
لەمبارەیەوە زانیارییە فەرمییەکانی وەزارەتەکە لە ڕێگەی (پرێس کۆنفرانسی فەرمیی بەرپرسانی وەزارەت، ئاراستەکردنی دەقی نووسراوەکان بۆ کەناڵە فەرمییە موعتەبەرەکان، لێدوانی گوتەبێژی وەزارەت یان لێدوانی خودی وەزیری پەروەردە)وە بڵاو دەکرێتەوە.
هەر بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی یەکێک لەم چوار سەرچاوەیەوە بڵاو نەکرێتەوە، ناڕاستە و بڕیاری فەرمیی وەزارەتی پەروەردە نییە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا باسی لە بڕیاری نەهێشتنی مامۆستای پیاو لە قوتابخانەی کچان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردووەتەوە کە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر هیچ جۆرە بڕیارێکیان لەمبارەیەوە نەداوە و ئەم بابەتە هیچ بنەمایەکی نییە.
باسنيوز
