بە گوژمەی 40 ملیار دینار کۆمەڵێک پرۆژەی رێگاوبان لە كوردستان كەوتنە بواری جێبەجێكردن

 بە گوژمەی 40 ملیار دینار کۆمەڵێک پرۆژەی رێگاوبان لە كوردستان كەوتنە بواری جێبەجێكردن
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كەلە ماوەی هەفتەی داهاتوودا دەست دەكەن بە جێبەجێكردنی 18 پرۆژەی جۆراوجۆر لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.



ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/9/2019 دانا عەبدولكەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتی: "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارەیەك پرۆژە دەست پێدەكەن كە سەرجەمیان بە گوژمەی 40 ملیار دینارە کە پرۆژەکان لە پارێزگای هەولێر 4 ناوەند و هەولێر 6 ناوەند و سلێمانی و ڕاپەرین و گەرمیانیش كراونەتە 8 ناوەند".



گوتیشی: "ئەو پرۆژانە بەرلە وەرزی بارانبارین دەست پێدەكەن و تەواوی پرۆژەكانیش تایبەتن بە بواری ئاوەدانكردنەوە و رێگەوبان و ئێستا لیژنەیەك لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كارەكانی رایی كراوە و تەواوی پرۆژەكان رادەستی بەڵێندەرەكان كراون و لە هەفتەی داهاتوودا دەست دەكەن بە كاركردن و دەبێ لە ماوەی 70 رۆژیش كارەكان تەواو بكەن".



وەزیری ئاوەدانکردنەوە باسی لەوەش كرد: "پرۆژەكان بەتەواوی رادەستی بەڵێندەرەكان كراون و لە ماوەی دیاریكراودا تەواو دەبن، لەبارەی تونێلی پیرمامیش تا ئێستا %86ی کارەکانی تەواو بووە و %14ی ماوە، بۆیە پێویستمان بە پارەیە و داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە تاكوو دەست بە پرۆژەكە بكرێتەوە".



لەبارەی یەكە نیشتەجێبوونەوەكانەوە دانا عەبدولكەریم حەمەساڵح گوتی: "ئێمە لیژنەی تایبەتمان هەیە و فۆرمی تایبەتیان بۆ شایستەكان پر كردووەتەوە و ئەو پرۆژانەی هەمانە، تایبەتن بە یەكەی نیشتەجێبوونی كەم دەرامەتەكان".



ڕاسی گەیاند: "سەرجەمی ئەو پرۆژانەی كە دەستبەكار دەبن تەواویان رێگای سەرەكین و چونكە زۆرترین بەكارهێنانیان هەیە دواتر رێگا لاوەكییەكان كاریان لەسەر دەكرێت".







باسنيوز
Top