ئەندامێکی لێژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک هۆشداریی دەداتە حزبە کوردستانییەکان
شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە، رازی بوونی حزبە سیاسییە کوردییەکانی کەرکووک بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، مەترسیدارترە لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر.
شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاندووە، ئەو حزبانە بە رازیبوونیان بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە، هەمان هەڵەی پەرلەمانتارانی کوردیان دووبارە کردەوە بە دەنگدان بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق، کە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەپێی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردن، 50 هەزار هاووڵاتیی کورد لە کەرکووک دوور دەخرێنەوە و مافی هاووڵاتیبوونی ئەو شارەیان نامێنێت.
جگە لە دوورخستنەوەی ئەو 50 هەزار، هەزاران کەسی دیکەی کەرکووک، کە بەهۆی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکە نامێنێت.
پێشتر زۆرینەی حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک جگە لا پارتی، بڕیاری بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنە، دا.
باسنيوز
