پێنج قوتابخانەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە هەولێر دادەخرێن
ئەو قوتابخانانەی بڕیاری داخستنیان دراوە: قوتابخانەی گرێسپی لە شارۆچکەی دارەتوو، قوتابخانەی سەرێكانێ لە سێبەردان، قوتابخانەی بەدرخان لە شاوێس و قوتابخانەی دیلۆک لە قەزای بنەسڵاوە (دەشتی هەولێر) قوتابخانەیەکی دیکەش لە سنووری کەسنەزان.
بەپێی زانیارییەکان بڕیاری داخستنی قوتابخانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چیدی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی یونسێف ناتوانن هاوکاریی ماددی ئەو قوتابخانانە بکەن.
مامۆستا سابیر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر راگەیاند "پێنج قوتابخانەی تایبەت بە قوتابییانی رۆژئاوای کوردستان لە سنووری پەروەردەی دەشتی هەولێر دادەخرێن و تەنیا قوتابخانەکانی نێو کامپەکان دەمێننەوە، بەڵام ئەوانەی دیکەی تایبەتن بە کوردانی رۆژئاوا و لە دەرەوەی کەمپەکانن، دادەخرێن".
لە هەرێمی کوردستان 32 هەزار و 900 قوتابیی رۆژئاوای کوردستان هەن، کە 16400 قوتابی لە هەولێر، 4000 قوتابی لە سلێمانی و 12 هەزار و 500 قوتابی دیکەش لە دهۆکن.
