پسپۆڕێكی زانستی سەربازی: پەیامەکەی بەغدادی واتای گۆڕینی پلانی شەڕ بوو
عەقید ڕوکن، مەروان مزیری، ماستەری زانستە سەربازییەکان، دەڵێت: "دوای گۆڕانی وەرزی گەرما بۆ وەرزی سەرما و زستان، ئەبووبەکر بەغدادی ئەم جارە بە تۆماری دەنگی دەیەوێ چەکدارەکانی بێنە سەرهێڵ و دەست بە ئۆپەراسیۆن بکەن."
ئەبووبەکر بەغدادی، خەلیفەی ڕێکخراوی داعش، لە تۆمارێکی دەنگیدا هەڕەشە دەکات و داوا لە چەکدارەکانی دەکات لە شەڕکردن بەردەوام بن.
عەقید ڕوکن مەروان مزیری گوتی: "بەغدادی ئەم وەرزە بە هەستیاری بۆ خۆی دەقۆزێتەوە، چونکە دەزانێت دەرفەتی زیاتریان هەیە بۆ کاری تیرۆریستی و ئێستا شانەی نووستوویان هەیە."
پەیامەکەی بەغدادی ٣٠ خولەکە و ناوی چەند وڵاتیش دەهێنیت، ئەوانیش بریتین لە عێراق، سووریا، ئەفغانستان، سۆماڵ، تونس، لیبیا و یەمەن.
مزیری گوتیشی: "بەغدادی هەمیشە کار بۆ خۆدەرخستنەوە دەکات و دەیەوێت بزانێت هێشتا دەوڵەتەکەی ماوە، ناوبەناو بە تۆمارێکی دەنگی، یان بە گرتەڤیدیۆیەک هەڕەشە لە وڵاتان دەکات و هەمیشە ناوی وڵاتان دەهێنێت، بۆ ئەوەی بڵێت لەو وڵاتانەدا دەسەڵاتی هەیە."
ئەو ئاماژەی دا: "دەبێ هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بۆ هەموو جۆرە هەڕەشەیەک پلانیان هەبێت و هەماهەنگ بن، بەتایبەت ئەو ناوچانەی بۆشاییی ئەمنییان هەیە، چونکە هەندیك ناوچە هەیە، بۆشایییەکی گەورەیان هەیە."
هەر ئەمساڵ لە مانگی ٤یشدا ئەبووبەکر بەغدادی لە گرتەڤیدیۆیەکدا دەرکەوت و ڕایگەیاند، "شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی، شەڕی مان و نەمانە" و، لەو گرتە ڤیدیۆیەدا ئەبووبەکر بەغدادی لە یەکەم جاری دەرکەوتنەکەی قەڵەوتر بوو، ڕیشی سوور بوو، ئەم جارەیان بە دانیشتنەوە قسەی دەکرد و هەندێک کەسی دەمامکدار و چەکێکی AK-47 لە تەنیشتییەوە بوون.
