دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی 90 دەستگیرکراو رادەستی کەرکووک دەکەن

دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی 90 دەستگیرکراو رادەستی کەرکووک دەکەن
دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی 90 دەستگیرکراویان رادەستی دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک کردەوە، بەمەبەستی پێداچوونەوە بە دۆسییەکانیان.

ئیسماعیل حەدیدی، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق راگەیاند "دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ 90 دەستگیرکراویان رادەستی دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک کردەوە، کە زۆربەیان عەرەب و خەڵکی کەرکووکن".

ئەمە سێیەمین بەشی زیندانیانە رادەستی لایەنی ئەمنیی کەرکووک دەکرێنەوە، دوای ئەوەی بە دوو بەشی جیا (جاری یەکەم 25 کەس و جاری دووەم 35 کەس ) رادەستکرانەوە.

ئیسماعیل حەدیدی، کە لە هەمان کاتدا یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی عەرەبی کەرکووک، روونیکردەوە "ئەو دەستگیرکراوانە تۆمەتبارن بە تیرۆر یان گومانی تیرۆریان لێکراوە. لە ماوەی جیاوازدا لە کەرکووک دەستبەسەرکراون تاوەکو 16ـی ئۆکتۆبەر و بەو پێیەی زۆر کۆبوونەوە لەنێوان ئێمە (پێکهاتەی عەرەب) و یەکێتی کراوە و، یەکێتی ئەو ویستەی هەبوو کەیسەکە چارەسەربکرێت، بەپێی رێککەوتنێکیش کە پاڵپەستۆی حکومەتی بەغداشی لەسەر بوو، رێککەوتین ئەوان رادەستی پۆلیسی کەرکووک بکرێنەوە و لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و، دووبارە دادگایی بکرێنەوە".

حەدیدی، ستایشی ئەو هەنگاوە دەکات و پێیوایە متمانە و دڵنیایی لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک بەهێز و پتەوتر دەکات.
Top