ناوی لیژنە تازەکانی پەرلەمان بڵاو دەکريتەوە

ناوی لیژنە تازەکانی پەرلەمان بڵاو دەکريتەوە
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ١٥ لیژنەوە بۆ ١٩ لیژنە زیاد بکرێن و هەندێ لیژنەش لێک جیا دەکرێنەوە.


پەرلەمانی کوردستان چوار لیژنەی ھەمیشەیی زیاد دەکات و لەنێو لایەنە سیاسییەکان سەرۆک و جێگر و بڕیاردەر و ئەندامەکانی لیژنەکان دابەش دەکرێت.


لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و حکوومەتە خۆجێیەکان، لێک جیا دەبنەوە و دەبنە دوو لیژنە بە ناوی لیژنەی پێشمەرگە و لیژنەی ناوخۆ و حکوومەتە خۆجێیەکان".


هاوکات لیژنەی دەستپاکی و سکاڵا و کاروباری پەرلەمان، دەگۆڕدرێت بۆ لیژنەی دەستپاکی و لیژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا و لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكىكردن له‌ مافی ئافره‌ت و لە مافی مرۆڤ، دەگۆڕدرێت بۆ لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ و لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت.

هەر لەم پەیوەدندییەدا لیژنه‌ى شاره‌وانى و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان، دەگۆڕدرێت بۆ لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار و گواستنەوەو گەیاندن و لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان.

بڕیارە دوای خوێندنەوەی یەکەم بۆ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەندامانی ئەم لیژنانە و سەرۆک و جێگری لیژنەکان لەنێو لایەنە سیاسییەکاندا رێککەوتنیان لەسەر بکرێت و دواتر لە پەرلەمانی کوردستان متمانەیان پێ بدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کرد و لە دوو دانیشتنی دیکەدا پەسەندی دەکات.













باسنيوز
Top