لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر دەرزیەکی ماوەبەسەرچوو لە کچێک دەدرێت
بێریڤان شێروان، ئەو کچەیە کە دەرزییەکەی لێدراوە و دەڵێت: شەو درەنگ بوو سکم ئازاری هەبوو، بەدایکمم گوت و چووین بۆ نەخۆشخانە، دواتر پشکنینیان بۆ کردین، بەڵام کارەکە زۆر پەلە پەل بوو.
بەپێی رێسا پەیڕەوکراوەکانی وەزارەتی تەندروستی نابێت دەرمانی ماوەبەسەرچوو بدرێت بە نەخۆش، باوکی بێریڤانیش دەڵێت، "کارمەندەکە زانیویەتی دەرزییەکە ماوەبەسەرچووە، بۆچی ئەو کارەی کردووە، سبەی کچەکەم مردبا ئێمە چیمان کردبا".
بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی، دەبووایە بێریڤان شەش دەرزی بۆ بەکارهێندرابان، بەڵام دەرزییەکی ماوەبەسەرچوویان بۆ بەکارهێناوە و لە دەرزی دووەم زانیویانە دەرزییەکە ماوەی بەسەرچووە و چارەسەرییەکەیان راگرتووە، ئێستا لە دوای رووداوەکە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری بوونی دەرزی ماوەبەسەرچوو لە دەرمانخانەی نەخۆشخانەکە دەکرێت و ئیدارەی نەخۆشخانە دەڵێت: لایەنی کەمتەرخەم سزادەدرێت.
کرمانج محەممەد، گوتەبێژی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات دەڵێت: "ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردووە و لایەنی کەمتەرخەم لەو کارە سزادەدرێن".
لەدوای بەدواداچوونەکانی رووداو بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەولێر لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەم رووداوە پێکدەهێنێت.
لە هەولێر 22 نەخۆشخانە هەن لەو ژمارەیەش سێیان نەخۆشخانەی فریاکەوتنن، کە مانگانە زیاتر لە 60 هەزار نەخۆش بۆ چارەسەری سەردانیان دەکەن، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر تەنیا ساڵی رابردوو بەبڕی زیاتر لە 64 ملیار دینار دەرمان پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر دابینکراون.
