بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەستگیردەکرێت

بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەستگیردەکرێت
بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەستگیردەکرێت، گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت: لەسەر بڕیاری دادگەی دەستپاکی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنی دەرچووە و ئێستا دۆسیەکەی لای پۆلیسە تاوەکو یەکلایی دەکرێتەوە، دەستبەسەردەبێت.

حوسێن ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیانە و رەتیدەکاتەوە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون راست بن و دەڵێت: "ئەوەی لەبارەمەوە گوتراوە هیچی راست نییە".

حوسێن ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان راگەیاند: "ئەو دۆسیەی منی لەسەر راگیراوە پەیوەستە بەو جگەرە بەسەرچووەی کە مانگێک لەمەوبەر لە پەروێزخانەوە هێنرایە سنووری گەرمیان و ویستیان ساخیبکەنەوە، بەڵام ئێستا گوایە بەشێک لە جگەرەکە دیارنەماوە و منی پێ تۆمەتبار دەکرێت".

پێشتریش بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان لەسەر هەمان کەیس راگیرابوو، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە.

مانگێک بەر لە ئێستا لە سنووری پەروێزخانەوە 21 تۆن جگەری ماوەبەسەرچوو لە دەروازەی پەروێزخانەوە هێنرایە سنووری گەرمیان بەمەبەستی ساخکردنەوەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەلایەن گومرگ و هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەرداگیرا.
Top