نوێترین زانیاری لەبارەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای هەولێر - کۆیە ئاشکرا دەکرێ
یوسف کەلکانی، قایمقامی شارۆچکەی کۆیە ڕاگەیاند: "نۆژەنکردنەوەی ڕێگای نێوان کۆیە - هەولێر تا ئاستێکی باش کارەکانی تەواو بووە و کارەکان گەیشتوونەتە شارۆچکەی دێگەڵە".
ڕاشیگەیاند: "تاوەكو شارۆچکەی دێگەڵە كارەكانی نۆژەنكردنەوەکە بەهۆی خراپی رێگەكەوە ئاستەنگی زۆری بۆ دروست دەبوو، بەڵام لە دوای ئەوە کاركردن لە رێگاكە ئاسانتردەبێت و كارەكانی نۆژەنكردنەوەکە خێراتر لە جاران دەڕوا بەڕێوە و لەکاتی خۆیدا تەواو دەکرێت".
قایمقامی کۆیە ئاشکراشیکرد، بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگەی كۆیە - هەولێر، كە 52 كیلۆمەترە، بڕی 4 ملیار و 700 ملیۆن دینار تەرخانكراوە.
ڕوونیشیکردەوە، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی رێگای کۆیە لە کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ دەستیپێکردووە و ماوەی سێ مانگیش بۆ ئەو كۆمپانیایە دیاریكراوە كە كاری نۆژەنكردنەوەكە دەكات و هەوڵدەدرێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کارەکان بە کۆتا بێن.
