کوردەکانی کەمپی دەنکیرک لە فەرەنسا نیگەرانن لە هەوڵی گواستنەوەیان

کوردەکانی کەمپی دەنکیرک لە فەرەنسا نیگەرانن لە هەوڵی گواستنەوەیان
کۆمەڵێک گەنجی کوردستان لەنێو کەمپەکەی گراند سینس لە دەنکیرک لە فەرەنسا گوێ لە گۆرانییەکی هەڵپەڕکێی کوردی دەگرن، بەڵام لەوانەیە ئەو گۆرانییە بۆ رەواندنەوەی خەم و نیگەرانییەکانیان بێت، چونکە حکومەتی فەرەنسا هۆشداریداوە لە دەرکردنی کۆچبەرانی ئەو کەمپە.

کۆچبەرانی کەمپەکە ژمارەیان 70 خێزان دەبێت، زۆربەیان بێئەوەی رووخساریان بۆ کامێراکان ئاشکرابکەن، داوایان لە حکومەتی فەرەنسا کرد لەو کەمپە دەربەدەریان نەکات.

فەجان، کۆچبەرێکی هەرێمی کوردستانە دەڵێت "من داوا لەو کەسانە دەکەم، تکایە ئێرە دامەخەن، باشە دوای داخستنی ئێرە خەڵک چی بکەن؟"

کۆچبەرێک و دووان نین بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسا نیگەرانی کردوون و دەترسن دوای دەرکردنیان لەو کەمپەکە بێ رێگە و شوێن بمێننەوە.

دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە حکومەتی فەرەنسا کامپی کالێی لە کۆچبەران چۆڵکرد، کۆچبەرانی کامپی دەنکیرک دەزانن ئەمجارە دەسەڵاتداران لەسەر بڕیارەکەیان رژدین.

هەرچەندە ئەو کۆچبەرانە لە کەمپەکەشدا لە ژیانێکی خۆشدا ناژین، بەڵام نیوەی رێگەیان بۆ ژیانێکی خۆشتر بڕیوە، نایانەوێت دیپۆرت بکرێنەوە یاخود چارەنووسیان نادیاربێت.

رێکخراوە مرۆییەکان ناتوانن بەرهەڵستی هەوڵەکانی حکومەتی فەرەنسا بکەن، تەنها دەتوانن لەچاوەڕوانی دەربەدەربوونی ئەو کۆچبەرانە یارمەتی مرۆییان بەسەردا دابەشبکەن.

لەدوای 2014 و فراوانبوونی شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆچی ئەوروپایان کرد. بەشێک لەو کۆچبەرانە روویان لە فەرەنسا کرد، بەشی زۆریش لەو کۆچبەرانە کە لەژێر چاودێرییەکی چڕی حکومەتی فەرەنسان، ئامانجیان پەڕینەوەیە بۆ بەریتانیا.
Top