بەهۆی بۆردوومانی تورکیا لە دۆڵی باڵەییان 60 خێزان ماڵەکانیان جێهێشتووه

بەهۆی بۆردوومانی تورکیا لە دۆڵی باڵەییان 60 خێزان ماڵەکانیان جێهێشتووه
تورکیا بە شەش فڕۆکە دۆڵی باڵەیانی شارۆچکەی قەسرێی بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە رێگەی گشتی و کارەبای ناوچەکەی بچڕاند، بەهۆی بۆردوومانەکەش 27 گوندی ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە. قایمقامی چۆمان دەڵێت: پەکەکە بیانوو دەداتە دەست تورکیا کە ئەو ناوچانە بۆردوومان بکات، چونکە ئەوان نزیکی ئاوەدانی دەبنەوە و تورکیاش بۆردوومانیان دەکات.

بەهۆی بۆردوومانەکە ئاگر رووبه‌رێكی زۆری ره‌ز و باخ و پاوانی ناوچه‌كه‌ی سووتاندووە و ژماره‌یه‌ك خانووش ساچمەی بۆردوومانه‌كه‌یان به‌ركه‌وتووه‌، 60 خێزان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه‌ و رێگەی گشتی دۆڵی باڵه‌یان - قه‌سرێ په‌كی كه‌وتووه‌.

هاونیشتمانییەک دەڵێت: پێنج بۆ شەش فڕۆکە بۆردوومانیان کرد و لە کاژێر 7:10 خولەک تاوەکو کاژێر 10:00 بەردەوام بوو، گوندەکانی دۆڵی باڵەییانیان بۆردوومانکرد.

لە بۆردوومانەکەی تورکیا 12 گوند بۆردوومانكراون، گونده‌كانی ره‌زوێلكه‌، قه‌ڵات و وه‌سان زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌.

27 گوندی دۆڵی باڵه‌یانی قه‌زای چۆمان و 65 گوندی ناوده‌شتی قه‌زای پشده‌ر له‌ بناری قه‌ندیل نزیك 20 ساڵه‌ توركای بۆردوومنیان ده‌كات. به‌هۆیه‌وه‌ ساڵانه‌ ژماره‌یه‌ك گوند به‌ یه‌كجاری چۆڵده‌بن، تیمه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌یانهه‌وێت ژیان بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بگەڕێننه‌وه‌. زیانی گوندنشینانش ده‌خه‌مڵێنن و هه‌وڵی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان ده‌ده‌ن.

ئه‌حمه‌د قادر، قایمقامی قه‌زای چۆمان راگەیاند، له‌ هه‌وڵی چاككردنه‌وه‌ی رێگە و ته‌زووی كاره‌باداین، داواكاریشین له‌ په‌كه‌كه‌ نزیك ئاوه‌دانییه‌كان نه‌كه‌ونه‌وه ‌و بیانوو نه‌ده‌نه‌ توركیا بۆردوومانی بكات و ماڵی خه‌ڵكی وێرانبێت، چونكه‌ هه‌ر كات نزیك گونده‌كان ده‌كه‌ونه‌وه‌ فڕۆكه‌ دێت و بۆردوومانی ده‌كات.

ماوه‌ی سێ رۆژه‌ به‌ تۆپه‌ دوورهاوێژه‌كانی، تۆپبارانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی برادۆستیش چڕتر بووەته‌وه‌.
Top