بڕیارێکی حکوومەت لەبارەی مووچەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

بڕیارێکی حکوومەت لەبارەی مووچەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە لێپرسراوی ڕاگەیاندنی شارەوانی ڕانیە ڕایگەیاند كە دەستیان بە جێبەجێکردنی بڕیاری بڕینی مووچەیەکی ئەوانە كردووە كە پێشتر دوو مووچەیان وەردەگرت.

بەشدار حەمید لێپرسراوی ڕاگەیاندنی شارەوانیی ڕانیە ڕاگەیاند: پێشتر ئەگەر فەرمانبەرێک خانەنشین بوایە، دەکرا دواتر داوای گرێبەست بکات و لە فەرمانگەیەک دەستبەکار ببێتەوە و مووچەی خانەنشینی و مووچەی گرێبەستیشی وەرگرتبا.

گوتیشی بەڵام دوای ئەوەی بڕیارێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرچوو کە دەبێت مووچەخۆر یەک مووچە وەربگرێت، ھەستاین بە ھەڵوەشانەوەی گرێبەستی ھەموو ئەوانەی کە خانەنشین بوون و دووبارە گرێبەستیان لەگەڵ کرابووەوە.

بە پێی گوتەکانی بەشدار حەمید، ئەوە مووچە بڕین و دەرکرن نیە، بەڵكو جێبەجێکردنی بڕیارێکی حکوومەتە کە دەرفەت بە کەسانی دیکە دەدات بە گرێبەست شوێنیان بگرنەوە.
Top