په‌رله‌مانی كوردستان و شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆ بوونه‌وه
ئه‌مڕۆ، پێنچشه‌مه 12ی ئه‌یلولی 2019، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به ئاماده‌بوونی مونا نەبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌كانی كاروبارى یاسایی و دارایی و كاروبارى ئابوورى و وزه و سامانه سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شى نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كرد كه پێك هاتبوو له د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان و د. ئامانج ڕه‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و د. ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه به‌خێرهاتنی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد و مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته ڕوو كه بۆ گفتوگۆ و ئالوگۆڕكردنی زانیاری سه‌باره‌ت به پرسی بودجه و به‌شداریى هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی سه‌ره‌تای ئاماده‌كردنى ڕه‌شنووسی بودجه‌ی 2020دا له لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییی حكوومه‌تی فیدراڵەوە و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی چاره‌نووسساز بۆ هه‌رێمی كوردستان بوو. هه‌روه‌ها باسی له هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ دانوستاندن و گفتوگۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق سه‌باره‌ت به پرسه چاره‌نووسساز و نیشتمانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌ستهێنانی مافه یاسایى و ده‌ستوورییه‌كان بۆ خه‌ڵكی كوردستان، وه‌ك بودجه و نه‌وت و شایسته داراییه‌كان و به‌شداریى هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی سه‌ره‌تای ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی بودجه‌ی 2020دا له لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ و پرسی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور.
د. ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به ناوی سه‌رۆكوه‌زیران و جێگری سهرۆكوهزیرانەوە دووپاتی له هه‌بوونی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان كرده‌وه. هه‌روه‌ها گوتی، ده‌سته‌یه‌كی نیشتمانی بۆ گشت پرسه چاره‌نووسساز و نیشتمانییه‌كان دروست ده‌كه‌ن و پاشان پوخته‌یه‌ك له دیالۆگی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵیى عێراق له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق و پهیوهندییهكانییاندا شی كرده‌وه. هه‌روه‌ها به‌وردى باسی له مادده‌ی 140ى ده‌ستوور تایبه‌ت به ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێم و ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی ئه‌و ناوچانه و ئاماده‌كارى بۆ سه‌رژمێریی گشتی له عێراق و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كرد.
پاشان د. ئامانج ڕه‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌وردی دۆخی دارایی و شایسته دارایییهكانى هه‌رێم و بودجه و نه‌وت و قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستانى ڕوون كرده‌وه، كه به‌هۆی بڕینی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق و شه‌ڕی داعش و هاتنی ڕێژه‌یه‌كی زۆری ئاوارەوە ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بووەوە و ڕایگه‌یاند: "سیاسه‌تی كابینه‌ی 9ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر گشت پرسه نیشتمانییه‌كان و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم، له‌وانه بابه‌تی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و بودجه و نه‌وت له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا".
دواتر له لایه‌ن سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌رله‌مانەوە چه‌ندین پرسیار ئاراسته‌ی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم كرا و ئه‌وانیش وه‌ڵامی پێویستی پرسیاره‌كانیان دایه‌وه.
