فەڕەنسا کورسیى خوێندن بۆ خوازیارانى خوێندنی باڵا له کوردستان دابین دەکات
بەپێی زانیارییەکانی خوێندی باڵا و بەپێى یادداشتنامەیەکى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و باڵیۆزخانەى فەڕەنسا لە عێراق کە ماوەى سێ ساڵ دەخایەنێت، حکوومەتى فەرەنسا بە هاوکاریى وەزارەت، کورسى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا و خولى ڕاهێنان بۆ مامۆستا و فەرمانبەران لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا دابین دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٢/٩/٢٠١٩)، یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و باڵیۆزخانەى فەڕەنسا لە عێراق لەلایەن هەریەک لە (د. ئارام محمد قادر) و (ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز) بۆ دابینکردنى سكۆلهرشیپی خوێندن بەخەرجى هاوبەش ئیمزا کرا.
لە وتەیەکدا کە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتیى وەزارەت ئامادەی بوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە گرنگى پەیوەندییە مێژوییەکانى نێوان هەردو گەلى کوردستان و فەرەنسا کرد و ڕای گەیاند: "فەڕەنسا تەنها لەڕووى زانستى و ئەکادیمییەوە هاوکارى هەرێمى کوردستانى نەکردووە، بەڵکوو لە بوارەکانى سەربازى و مرۆیى و دیموکراسى چەندین بوارى دیکەشدا هاوکارى گەلەکەمان بووە، لەم ڕوەوەش گوتى: "بۆ ئێمەش ئەمڕۆ رۆژێکى گرنگ و مێژووییە کاتێک ئەم یاداشتنامەیە ئیمزا دەکەین و دەرفەتى خوێندن فەراهەم دەکات بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران، چونکە هەمووشمان لەوە تێدەگەین کە سیستەمى خوێندنى فەڕەنسا سیستەمێکى پێشکەوتوو و مۆدێرنە، ئەوەش بۆ ئێمە جێگەى بایەخە، هیوادارین دەرفەتى باش بڕەخسێندرێت بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا و پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان له كوردستان.
لە بەرامبەردا (ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز) کونسوڵى گشتیى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان لە وتەیەکدا ڕای گەیاند: "لە ڕابردوودا پرۆژە هاوبەشەکانمان لە سەرجەم سێکتەرەکان لەگەڵ حکوومەتى هەرێمى کوردستان سەرکەوتنى بەدەست هێناوە، بۆ ئێمە گرنگە پەرۆشیى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ دیاریکردنى کاندیدەکان لەپێناو سەرخستنى پڕۆژەکە، گوتیشى: "ئەم گرێبەستە لە داهاتوودا ژینگەیەکى گونجاو دروست دەکات، کە دەبێـتە زەمینە و سەرچاوەیەکى باش بۆ پێشکەوتنى ئاستى زانستى زانکۆکان".
لە چوارچێوەی هاوکاریی دوو لایەنەى نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە عێراق کار دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و زانستی لە نێوان وڵاتی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان دامەزراوەکاندا. مەبەست لە ئیمزاکردنى ئەم یادداشتنامەیەش، دەستنیشانکردنی مەرج و رێنماییەکانی بەرنامەی سكۆلهرشیپهكهیه، کە خەرجییەکانی بە هاوبەشی هەردولا لە ئەستۆی دەگرن، ئەویش بۆ باشترکردنی توانای توێژەر و مامۆستا و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان
بەپێى یاداشتنامەکە خوێندنى تەرخانکراو بریتییە لە خوێندنى ماستەر و دکتۆرا، توێژەرانی دوای بەرنامەی دکتۆرا، ئەندامانی دەستەی وانەبێژان و فەرمانبەرانی ئەندازیار و کارگێری و تەکنیکی.
لەبارەى کاتى پێشکەشکردن بۆ بەرنامەى سكۆلهرشیپی فەڕەنسا، بەپێى خاڵێکى نێو یادداشتنامەکە، ڕاگەیاندن بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەکان لە (٣٠/١١/٢٠١٩) دەست پێدەکات و مەرج و ڕێنماییەکان بۆ هەریەک لە جۆرەکانى خوێندن دەستنیشان دەکرێت و، دواتریش هەڵبژاردنی کاندیدەکان لە ڕێگەی لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ئەندامیەتی نوێنەرێک لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەغداد ئەنجام دەدرێت.
ههر بەپێى ناوەڕۆکى یاداشتنامەكه باڵیۆزخانەى فەڕەنسا پشتگیریی ئەم بەرنامەیە دەکات لە ڕێگەی دابینکردنى بلیتی فڕۆکە و بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن، کە لەلایەن حکوومەتی فەرەنسا دیاری کراوە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بژیوی ژیانی خوازیاران (بەپێی ئەم پێوەرانەی کە جێبەجێ دەکرێت لە سەر خوێندکاری بیانی)، دابین دەکات.
باسنيوز
