خەسرەو گۆران: بەشێوەیەکی مەبدەئی لەگەڵ یەك لیستی لایەنە كوردستانییەكانین
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "ئێمە لەگەڵ هەر هەنگاوێكی تێكڕایی لایەنە كوردستانییەكانین لە كەركووك و لەناوچە كوردستانییەكانی تر، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، ئەگەر بەشداری نەكەین دەمانەوێت كورد بەیەكەوە بەشداری نەكات و ئەگەریش بەشداریمان كرد، ئەوا كورد پێكەوە بەشداری بكات و بەیەك لیست".
گوتیشی: "ئێمە سكاڵامان تۆمار كردووە لە دادگای فیدڕاڵی، چونكە مافی دەنگدان، بەپێی دەستوور مافی هەر تاكێكی ئەم وڵاتەیە ئیتر لە هەر كوێیەكی دونیا بێت و لە شوێنی خۆی بێت یاخود ئاوارە بێ، بۆیە ئەو بڕگەیەی كە زیاد كراوە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بوختانە و بەهیچ شێوەیەك دەستووری نییە".
گۆران زیاتر گوتی: "ئەو كوردستانییەی كە لە شنگال و شوێنەكانی ترەوە ئاوارە بووە لەبەر داعش بە ناچاری ئاوارە بووە، ماڵی ڕووخاوە و ناتوانێ بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بۆیە دەبێ مافی دەنگدانی هەبێ و ئێمە سكاڵامان لەسەر ئەو بڕگەیە تۆمار كردووە و 16/9/2019 دادگایەكە دەست پێ دەكات دوای ئەو مورافەعەیە ئینجا بڕیار دەدەین بەشداری دەكەین لەو هەڵبژاردنە یاخود نا، بەڵام حەتمەن بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ یەك لیستی لایەنە كوردستانییەكانین لە كەركووك و ناوچەكانی تر".
لە چەند رۆژی رابردوو لەپەرلەمانی عێراق یاسای هەمواركراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق تێپەڕێنرا كە كە پەرلەمانتارانی پارتی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی لەگەڵ ئەو یاسایەدا نەبوون كە بەپێی ئەو یاسایە ژمارەیەكی زۆری دەنگدەرانی كورد لە كەركووك بێ بەش دەبن لە دەنگدان، ئەوانەی كە ناسنامەیان پێشووتر و گواستووەتەوە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان و تەنیا فۆرمی خۆراكیان كەركووك ماوە.
دەقی مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی هەمواركراو بەو شێوەیەیە، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن پابەند دەكرێت بە وردبینی لە تۆماری دەنگدەران تاوەكوو 31ی كانونی دووەمی 2020 لەنێوان پسولەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستان بۆ ئەوەی ئەو ناوانە بسڕێتەوە لە هەردوو تۆمارەكەدا هاوتا نین.
