شاسوار عەبدولواحید لە بنکەیەکی پۆلیس لە سلێمانی ڕاگیراوە
نەژاد محەمەد، نوێنەری خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤیلاند) ڕايگەیاند، بەھۆی سکاڵای خاوە پشکەکانەوە، ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید چووە بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ، بەڵام دواتر گواسرایەوە بۆ بنکەی پۆلیسی سەیوان و “ئێستاش دەست بەسەر کراوە”.
ڕوونیشی کردەوە، ئێستا شاسوار عەبدولواحید خۆی بە تەنھا لە نھۆمی خوارەوەی بنکەی پۆلیسی سەیوان ڕاگیراوە و خاوەن پشکەکانیش داوا دەکەن ڕاپێچی دادگا بکرێ و مافی زیاتر لە ١٠ ھەزار خاوەن پشک بداتەوە.
نەژاد محەمەد دەست بەسەرکردنی شاسوار عەبدولواحیدی بە “هەنگاوێکی باش” قەڵەم دا و ڕای گەیاند: “دادگا دەتوانێ مافی ئەو هەموو خەڵکە بگەڕێنێتەوە، چونکە شاسوار عەبدولواحید پارەی کەسانی تووش بوو بەنەخۆشی تالاسیما و کەسانی ھەژار و نەداری خواردووە".
هەر لەمبارەیەوە ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕايگەیاند: “شاسوار عەبدولواحید لە بنکەی پۆلیسە و چاوەڕێ دەکرێت وتەی لێ وەربگیرێت لەلایەن دادوەرەوە”.
ماوەی حەوت ساڵە پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤیلاند) لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە درووست کراوە و زیاتر لە ١٠ ھەزار ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستانیش پارەکانیان بە ناوی کڕینی پشکەوە خستووەتە پڕۆژەکەوە. بەڵام پارەیەکی یەکجار کەمیان وەک قازانج پێ دراوە.
خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند بەردەوام گلەیی ئەوە دەکەن کە شاسوار عەبدولواحید مافە داراییەکانیان دەخوات، لە کاتێکدا “زیاتر لە ٣٠ ملیار دیناریان لەنێو پڕۆژەکەدا ھەیە".
باسنيوز
