هاووڵاتییانی كه‌ركووك به‌ بڕیاری لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی شاره‌كه‌یان دڵخۆشن

هاووڵاتییانی كه‌ركووك به‌ بڕیاری لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی شاره‌كه‌یان دڵخۆشن
حزبە کوردستانییەکانی کەرکووك کۆبوونەوە و بڕیاریاندا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك، بەیەك لیستی هاوبەش بەشداری بکەن و ناوی لیستەکەش، لیستی کەرکووکی کوردستانیە، هاوڵاتیانیش بەم هەنگاوەی حزبەکان دڵخۆشن و پێیانوایە بەیەکڕیزی کورد بە ئامانجەکانی دەگات.

هاووڵاتیانی كه‌ركووك له‌و باوه‌ڕه‌دان، به‌و هه‌نگاوه‌ی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی شاره‌كه‌یان، سەقامگیری سیاسی و دەسەڵاتی کوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و، دۆخی ژیانیشیان دەگۆڕێت و ئیشوکاریشیان زیاتر دەبێت.

سەرجەم حزبەکان جگە لەپارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، ئەوانیش پێشتر هەڵوێستیان لەسەر یەكلیستی نیشانداوە و پشتگیری لیستێکی هاوبەشی کوردستانیان کردووە.

پێشتریش محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك راگەیاند، وەك پارتی یەكەم حزب بووین داوای یەك لیستیمان كردووە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییه‌كانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و لەگەڵ ئەوەداین، كورد یەك دەنگ و یەكھەڵوێست بێت.

بەرپرسی لقی 3ی پارتی گوتیشی : بەتەلەفۆن قسەمان لەگەڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ كردووە و ھەڵوێستی خۆمان پێ راگەیاندوون، كە لەگەڵ یەك لیستیداین و پێشنیازیشمان كرد، كە ناوی لیستەكە گرنگە و پێویسته‌ ناوی كوردستانی تیادابێت، بەڵام خۆشبەختانە ناوەكە راگەیەندراو بووە لیستی كەركووك كوردستانییە.
Top