وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوە لەسەر هێرشکردنە سەر مامۆستایەک دەدات

وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوە لەسەر هێرشکردنە سەر مامۆستایەک دەدات
خوێندکارێک کە لە هەمانکاتدا پۆلیسە لە لیوای نەوت و گاز، دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوەکاندا گزی دەکات و مامۆستایەک گزییەکەی پێدەگرێت، لە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی هێرش دەکاتە سەر مامۆستاکە.

وەزارەتی پەروەردەش لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، مامۆستاکە یاریدەدەرى بەڕێوبەرى هۆڵ بووە لە قوتابخانەی سەگرمە و خوێندكارەكەی بە گزییەوە گرتووە، لەسەر ئەوە خوێندکارەکە سەرەڕای ئەوەی هێرشی کردووەتە سەر مامۆستاکە، هەڕەشەى لە چەند مامۆستایەکى دیکەش کردووە کە چاودێرى هۆڵ بوونە.

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە "وەزیرى پەروەردە لە ساتە وەختى بیستنى هەواڵەکەوە بەدواداچونى زۆر وردى لەسەر ئەو رووداوە کرد، داواى لە وەزیرى ناوخۆ کرد رێکارى پێویست بەرامبەر پۆلیسى ناوبراو بگرنە بەر. بەفەرمانی وەزیری ناوخۆش دواى چەند کاژێرکى کەم ئەو پۆلیسە دەستگیر کرا".

وەزیری پەروەردەش داوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو خوێندکارە دەکات و دەڵێت "سەرجەم مامۆستایانى بەڕێز و خۆشەویست دڵنیادەکەینەوە کە پارێزەرى سەروەرى یاسا و ماف و شکۆى ئەوان دەبین".

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی پەروەردە:

رونكردنەوەیەك لە وەزارەتی پەروەردەوە

ئەمڕۆ دووشەمە، ڕێکەوتى ٢ی٩ی٢٠١٩ پۆلیسێک سەر بە لیواى نەوت و گاز بەناوى (هـ. ع. م. ق) هێرشى کردۆتە سەر مامۆستایەک بە ناوى (ڕ. ر. ک) لەبەردەم بیناى بەڕێوبەرایەتى پەروەردەى سلێمانى، بەهۆى ئەوەى پۆلیسى ناوبراو خوێندكارە و لەکاتى ئەنجامدانى ئەزمونە گشتیەکانى پۆلى ١٢ دا گزى (قۆپیە)ى کرووە،

مامۆستاى ناوبراو یاریدەدەرى بەڕێوبەرى هۆڵ بووە و خوێندكارەكەی بە گزییەوە گرتوە، وێراى ئەمە پۆلیسى ناوبراو هەڕەشەى لە چەند مامۆستایەکى دیکە کردووە کە چاودێرى هۆڵ بوون لە قوتابخانەى سەگرمە،

بەرێز وەزیرى پەروەردە لە ساتە وەختى بیستنى هەواڵەکەوە بەدواداچونى زۆر وردى لەسەر ئەو ڕووداوە کرد، هەروەها داواى لە جەنابى وەزیرى ناوخۆ کرد ریکارى پێویست بەرامبەر پۆلیسى ناوبراو بگرنە بەر،

بەڕێز جەنابى وەزیرى ناوخۆ فەرمانى کرد کە پۆلیسى ناوبراو دەستگیر بکرێت و دواى چەند کاتژمێرکى کەم ناوبراو دەستگیر کرا، پێش ئەوەیش بەرێز دكتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە پەیوەندى بە بەڕێز (د.هەڤال ئەبو بەکر)ەوە کرد وەک سەرۆکى لیژنەى ئەمنى و سەرۆکى یەکەى کارگیرى پارێزگاری سلێمانى دەربارەى ئەم کەیسە، هەروەها بەرێز وەزیرى پەروەردە فەرمانى کرد بە بەڕێزان (م. دڵشاد عمر)کە بەرێوبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى و (م. عمر محمد امین) یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كەپێویستە ڕۆژی سێشەمە هەستن بە تۆمارکردنى سکاڵا بەرامبەر پۆلیسەکە و بەرێز وەزیرى پەروەردە لەم کەیسەدا دەبێتە سکاڵاکار. سەرجەم مامۆستایانى بەرێز و خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە پارێزەرى سەروەرى یاسا و ماف و شکۆى ئەوان دەبین.وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوە لەسەر هێرشکردنە سەر مامۆستایەک دەدا.
Top