نوێنەرانی ئاوارەکانی خورماتوو سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

نوێنەرانی ئاوارەکانی خورماتوو سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
نوێنەرانی خەڵکی زیانلێکەتوو و ئاوارەی شاری خورماتوو، سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2-9-2019، جوان رۆژبەیانی، سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک و ئەندامانی لێژنەکە، پێشوازیی لە نوێنەرانی زیانلێکەوتوونی خورماتوو، کە ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، کردووە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی کوردستان، نوێنەرانی خه‌ڵكی زیانلێکەتووی خورماتوو باسیان لە کێشە و گرفته‌كانی خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه‌یان کردووە و یاداشتێکیشیان سه‌باره‌ت به‌ داواکارییه‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، پێشکەش بە لێژنەکە کردووە.

سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بە نوێنەرانی خه‌ڵكی زیانلێكه‌وتووی خورماتوودا، کە به‌دواداچوون بۆ كێشه‌و داواكارییه‌كانیان بكه‌ن و ھەموو توانایه‌كیشیان بخەنە گەڕ بۆ بەدیھێنانی مافەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شاری خورماتوو و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان داگیر کرد و دەیان خانووی هاووڵاتیانی کوردیان، کە ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، تەقاندەوە و تاڵان کرد.













باسنيوز
Top