یەكێتیی مامۆستایان: پاڵپشتیی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست دەكەین
عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، لەمبارەوە ڕایگەیاند: "پاڵپشتیی داواكاریی مامۆستایانی گرێبەست دەكەین و بە مافی خۆیان دەزانین كە دابمەزرێن، ڕێنماییەك لە وەزارەتی دارایی هەیە کە جەخت لەسەر خاڵێك دەكاتەوە، هەر كەسێك ماوەی سێ ساڵ خزمەتی شایستەی تەواو كرد و لایەنی بەرپرس لێی ڕازی بێت، ئەوا دەكرێە فەرمی و كێشەكانی هەرێمیش تەواو بووە، بۆیە پێویستە دابمەزرێن".
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتیشی: "پێشتر بە فەرمی داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە، هەروەها یادداشتمان بە وەزارەتی دارایی داوە بۆ ئەوەی مامۆستایانی گرێبەست بە فەرمی دابمەزرێن و لەسەر ئەو بابەتەش پێداگری دەبین".
عەبدولواحید محەمەد ئەوەشی خستە ڕوو: "لە كۆبوونەوەیەكدا بابەتی مامۆستایانی گرێبەست بە وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوە و ئەویش پاڵپشتیی خۆی بۆ بابەتەكە دەربڕیوە".
بە گوتەی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان ئەو مامۆستا گرێبەستانە: "بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دانانیان فەرمییە و لەسەر میلاكن، بەڵام ئیمتیازات، سەرەمووچە، بەرزكردنەوەی مووچە و شایستە داراییەکان نیانگرێتەوە، بەو هۆیەشەوە خۆپیشاندان دەكەن، گوتیشی" "شەش هەزار مامۆستای گرێبەست لە سەرجەم قۆناغەكان و پسپۆرییەكان هەیە".
ئەمڕۆ ٢ی ٩ی ٢٠١٩ ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی گرێبەست لە چەند شار و شارۆچكەیەکی هەرێم، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و مەبەست لە گردبوونەوەكەش دامەزراندنیانە بە شێوازێكی فەرمی.
باسنیوز
