فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان مۆڵگه‌كانی داعش له‌ خورماتوو بۆردومان ده‌كه‌ن

فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان مۆڵگه‌كانی داعش له‌ خورماتوو بۆردومان ده‌كه‌ن
فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، مۆڵگه‌كانی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌، له‌ سنووری ناوچه‌كانی په‌ڵكانه‌ - خورماتوو، بۆردومان ده‌كه‌ن.

هه‌رێم جاف، په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ گه‌رمیان رایگه‌یاند، كاتژمێر 5:30 خووله‌كی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 24ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2019، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان مۆڵگه‌كانی داعشیان له‌ سنووری پەڵکانە – خورماتوو، بۆردومان كردووه‌.

په‌یامنێری كوردستان 24 روونیشی كرده‌وه‌، ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان شارۆچکەی کفری و خورماتووەوە، له‌ باره‌ی زیانه‌كانی بۆردومانه‌كه‌ش، تا ئێستا زانیارییه‌كان نه‌زانراون.

ماوه‌یه‌كه‌ جموجۆڵی چه‌كدارانی داعش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگاكانی كه‌ركووك، دیاله‌، سه‌ڵاحه‌ددین و ئه‌نبار ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌ میدیاییه‌كانیش، به‌مدواییانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی دوائۆپه‌راسیۆنی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) بۆ سه‌ر دوا پێگه‌ی داعش له‌ ناوخۆی سووریا، كه‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نزیك عێراقه‌، زیاتر له‌ هه‌زار چه‌كدار دزه‌یان كردووه‌ته‌ ناو عێراق و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.





K24
Top