بە چاندنی 200 هەزار گوڵ و 26 هەزار دار ڕێژەی سەوزاییی هەولێر زیاد دەکرێت

	 بە چاندنی 200 هەزار گوڵ و 26 هەزار دار ڕێژەی سەوزاییی هەولێر زیاد دەکرێت
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكان دەڵێ، لە شاری هەولێر 200 هەزار گوڵ و 26 هەزار دار دەچێنن و ڕێژەی سەوزاییی شاری هەولێر زیاد دەكەن و سیمایەكی جوان بە شار دەبەخشن.

ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكان، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ سەوزپۆشكردنی شاری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكان زیاتر لە 200 هەزار گوڵی هەمیشەیی و وەرزیی ئامادە كردووە، لەگەڵ شەش هەزار داری گەورە و 20 هەزار داری بچووك كە سەرجەمیان لە شاری هەولێر دەچێندرێن."

بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكان ئاماژەیشی دا: "نزیكەی هەموو ئەو بەرهەمانەی كە ئەمساڵ لە پایتەخت دەچێندرێن، بەرهەمی نەمامگەی نموونەییی خۆمانن كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە، بەبێ ئەوەی لە دەرەوە هاوردەمان كردبێت. بەمەش بارگرانییەكی زۆرمان لەسەر حكوومەت كەم كردووەتەوە."

عەبدولواحید ئەحمەد ڕوونیشی كردەوە: "مەبەست لە چاندنی ئەم ڕووەكانە ئەوەیە کە سیمایەكی جوانتر بە شار ببەخشین و ژینگەیەكی چاكتر بۆ هاووڵاتیان دابین بكەین، ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بەرزتر بكەینەوە كە ئێستا گەیشتووەتە لەسەدا 18.7 و ئەمەش ڕێژەیەكی زۆر باشە. ئاخر گەشتیارانی هەموو عێراق و وڵاتانی تر سەردانی هەولێر دەكەن و دەبێ سیمای سەوزاییەكەی بپارێزین."
kdp -
Top