سەردانی چینوتوێژەكان بۆ سەر مەزاری نەمران بەردەوامە

	 سەردانی چینوتوێژەكان بۆ سەر مەزاری نەمران بەردەوامە
سەردانی چینوتوێژەكانی كوردستان و پارچەكانی دیكە و وڵاتانی جیهان بۆ سەر مەزاری نەمران لە بارزان بەردەوامە و، ئەو شاندانەی سەردانی مەزاری نەمران دەكەن سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر و پارتی دووپات دەكەنەوە و باسی خەبات و تێكۆشانی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشەزیندوو دەكەن.

بارزانی نەمر لە یەكی ئاداری ساڵی 1979، سەركردەی مەزنی كورد و كوردستان لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا كۆچی دوای كرد، لە چواری ئادار تەرمی پیرۆزی بارزانی نەمر گەیشتەوە تارانی پایتەختی ئێران و دواتر بە هەلیكۆپتەر، تەرمی پیرۆزی گەیاندرایەوە شاری شنۆی كوردستان و لەوێ لە لایەن سەدانهەزار كەس لە پەنابەرانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵات و كوردەكانی باكوور و ڕۆژئاوا پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی بارزانی كرا، كە لەو ڕۆژەدا لە سنورەكان پەڕیبوونەوە، تا لە ماڵئاواییكردنی بارزانی نەمردا بەشدار بن، لە ڕۆژی پێنجی ئادار تەرمی بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ لەسەر وەسیەتی خۆی لە پاڵ گۆڕی شێخ بابۆ بە خاك سپێردرا، لە پاش ڕاپەڕین و لە شەشی تشرینی یەكەمی ساڵی 1992 تەرمی بارزانی نەمر و شەهیدی هەمیشەزیندوو، ئیدریس بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ هێنرانەوە بۆ كوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاكی پیرۆزی بارزان سپێردران".

شاندێكی قوتابیانی زانكۆی سۆران بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد، دوای پێشوازیلێكردنیان لە لایەن نوێنەری سەرۆك بارزانییەوە، تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزاری نەمران دانا.

هەر ئەمڕۆ شاندێكی دەزگای خێرخوازیی پێشمەرگە سەردانی مەزاری نەمرانیان كرد، دوای پێشوازیلێكردنیان لە لایەن خەلات بارزانی، نوێنەری سەرۆك بارزانی و لیژنەی پێشوازی تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزاری نەمران دانا و باسیان لە خەبات و تێكۆشانی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشەزیندوو كرد.

هاووڵاتیان بەڵێن و سۆزی خۆیان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی كە ڕێبازی كوردایەتی و برایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتی و یەكسانی و دادپەروەرییە دووپات كردەوە، كە هەمیشە قوتابی و درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بن و لە خەبات و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە مافە سروشتی و ڕەواكانی گەلی كوردستان بەردەوام بن.

ئاماژەشیان بۆ ئەوە كرد، بارزانی نەمر، كەسێكی خاوەن ئیرادە و بەهێز بوو، ڕێبازی بارزانی ڕێبازی كوردایەتییە و دەبێ لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بین، تا بە مافە ڕەواكانی خۆمان دەگەین.
kdp -
Top