لیژنەی ئۆڵۆمپی: سوپاسی پاڵپشتییەكانی نێچیرڤان بارزانی دەكەین.. دەست بە چالاكییەكان دەكەینەوە
لە ڕاگەیەندراوێكی لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستاندا، كە وێنەیەكی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ڕایگەیاندووە: "سوپاس و پێزانینمان بۆ رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەنێرین لە بەرامبەر ئەو پێشوازییەی كە لە مانگی 11 ی ساڵی 2018 لە دەستەی راپەراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپیی كوردستانی كرد و بڕیاری گەڕاندنەوەی بودجەی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان و یەكێتییە وەرزشییەكانی دا، كە ئەمەش موژدەبەخش بوو بۆ تەواوی وەرزشوانانی كوردستان كە دوای ساڵانێك لە وەستانی چالاكیی یەكێـتییە وەرزشییەكان، جارێكی دیكە وەك ساڵانی پێشتر دەست دەكرێتەوە بە تەواوی چالاكییە وەرزشییەكان."
ئاماژەش دراوە: "هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بە گەڕاندنەوەی بودجەی لیژنەی ئۆڵۆمپی بەرز دەنرخێنین و سوپاسی پاڵپشتییەكانی دەكەین، كە بۆ وەرزشی كوردستان و لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستان دەریبڕی، هەروەها سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆكی پێشووتری لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستانیش دەكەین لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی كە دای بۆ ئەوەی لیژنەی ئۆڵۆمپی لەو ڕەوشەی ئێستای خۆی دەربچێت و وەك ساڵانی پێشوو چالاك بكرێتەوە".
لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستان، ڕوونیشی كردووەتەوە: "تەواوی یەكێتییە وەرزشییەكان ئاگادار دەكەینەوە، لە هەفتەی داهاتوودا دەست دەكرێت بە تەواوی چالاكییە وەرزشیەكانی كوردستان بەپێی ئەو كارنامەیەی یەكێتییە وەرزشیەكان پێشكەشیان كردووە".
kdp-
